هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەورووپا پەرە پێبدات

10-06-2025
سۆران حوسێن
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لە بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال"
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لە بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال"
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆڕبەندی ئابووریی هۆڵەندا لە شاری لاهای بەڕێوەدەچێت و شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشدارن. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، دەیانەوێت سوود لە وڵاتانی ئەورووپا وەربگرن، بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵ.
 
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگیی هۆڵەندا، بەرهەمهێنانی پەتاتەی لە 80 هەزار تۆنی ساڵانەوە گەیاندووەتەوە نزیکەی 700 هەزار تۆن."
 
ئەمڕۆ لە لاهای کۆڕبەندی ئابووریی هۆڵەندا بە بەشداریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، لەکاتی بەشداریکردنی لە (رۆژی هیوا جەمال)دا زانیاریی لەبارەی بەشدارییەکەوە خستەڕوو.
 
"لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا پەیوەندییەکان بەهێز دەکەین"
 
دلاوەر ئاژگەیی گوتی، "ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابوورییە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، بەشدارییش لە کۆڕبەندەکە بۆ بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستانە لەڕووی ئابوورییەوە."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد، دەیانەوێت بە هاوکاریکردن لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوە ئەورووپییەکان، پەرە بە ئابووری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بدەن.
 
لە کۆڕبەندی لاهای، نزیکەی 300 کۆمپانیا لە 25 وڵاتەوە بەشداری دەکەن.
 
ئاژگەیی ئاماژەی بەوە کرد، لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاوئاهەنگییان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و رێکخراوەکانیان، "بواری کشتوکاڵ لە پلەی یەکەم دەبێت، دواتر پێشەسازی و ئەو بوارانەی دیکە کە هەرێمی کوردستان پێویستیانە."
 
"سوود لە ئەزموونی کشتوکاڵیی هۆڵەندا وەردەگرین"
 
کۆڕبەندەکە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، "هۆڵەندا لەڕووی کشتوکاڵەوە لە وڵاتە بەنێوبانگەکانی جیهانە و ئەزموونی زۆرە؛ دەکرێت سوود لەو پێشکەوتنەی وەربگرین، چونکە هەرێمی کوردستان لای گرنگە زیاتر پێشبکەوێت، بواری دیکە زۆرن کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت سوود لە هۆڵەندا وەربگرێت، لە هەردوو کەرتی تایبەت و حکومی."
 
ئاژگەیی لە بەردەوامیی قسەکانیدا گوتی، "هۆڵەندا بەتایبەت لەڕووی (کشتوکاڵی ژیر)ەوە زۆر پێشکەوتووە، دەمانەوێت لە بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمانەی ئێستا ئێمە لە هەرێمی کوردستان بە شێوازی کلاسیکی بەرهەمیان دەهێنین، سوود لە زانستی ئەوان وەربگرین بۆ بەرهەمی خێراتر و تەندروستتر."
 
ئامانجی کۆڕبەندەکە فراوانکردنی هاوئاهەنگیی وڵاتانە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەو ئامانجە بەشداریی کردووە.
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا گوتی، جگە لە زیادکردنی بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، ئامانجیان دۆزینەوەی بازاڕە بۆ بەرهەمەکان. گوتیشی، "هەرێمی کوردستان جگە لەوەی پێویستی بە بازاڕی عێراقە، لە دوورمەودادا پێویستی بە بازاڕی نێودەوڵەتییە، لەنێویاندا ئەورووپا."
 
ئاژگەیی باسی سوودوەرگرتنی لە هۆڵەندا لە بواری کشتوکاڵ کرد و گوتی، "لە رابردوودا پەتاتە بۆ هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرا. پێشتر پەتاتە بە شێوەی کلاسیک و ساڵانە نزیکەی 80 هەزار تۆن بەرهەمی هەبوو، ئێستا ساڵانە بووەتە نزیکەی 700 هەزار تۆن و هەناردەش دەکرێت بۆ وڵاتانی کەنداو. ئەوە دەستکەوتێکی گەورەی کشتوکاڵییە بۆ هەرێمی کوردستان کە بە هاوئاهەنگی کۆمپانیاکانی هۆڵەندا کراوە."
 
"هۆڵەندا بەشدارە لە زیادکردنی بەرهەمی شیرەمەنیدا"
 
لە دوو ساڵی رابردوودا چەند کارگەیەکی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی لە هەرێمی کوردستان دامەزراون و نوێنەریان لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارە.
 
دلاوەر ئاژگەیی دەڵێت، "کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا هۆڵەندییەکان هاوئاهەنگییان کردووە بۆ پێشخستنی کارەکانیان لە بواری شیر و بەرهەمەکان."
 
بۆ کارگەکانی شیر و بەرهەمەکانی لە هەرێمی کورستان، لە وڵاتی هۆڵەنداوە مانگا هاوردە کراون. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، "جگە لە هێنانی مانگاکان، سوود لە هۆڵەندا وەرگیراوە بۆ زیادکردنی شیر و بەرهەمەکانی."
 
"کێشەی نەناردنی مووچە دەگەیێنینە بەرپرسانی یەکێتی ئەورووپا"
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا گوتی، "وڵاتانی ئەورووپا راستەوخۆش ناوی مووچەیان نەهێنابێ، لە هەموو کۆبوونەوەکاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەیانەوێت پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لە ئاستی باش و پتەودا بن، چونکە ئەوە بەهۆکاری سەقامگیربوونی عێراق دەزانن."
 
دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی، "لە هەموو کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی ئەورووپا باسی سیستمی فیدراڵی، مووچە و مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەکەین، بۆ ئەوەی ئەوانیش دەسەڵاتی خۆیان لە پەیوەندییەکانیان بەکاربهێنن بۆ چارەسەکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە