نرخی خەیار زیاتر لە 300% و شووتی 100% بەرزبووەوە

10-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو، نرخی خەیار و شووتی بەرزبووەوە. بەرپرسانی بازاڕی سەوزە و میوە دەڵێن، هۆکارەکەی کۆتایی بەری یەکەمی پێگەیشتنیانە.
 
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی کیلۆیەک خەیاری جوان بە کۆ نزیکەی هەزار دینارە".
 
لە بازاڕەکاندا کیلۆیەک خەیار بە هەزار و 500 دینارە.
 
سەرەتای پێگەیشتنی خەیار کیلۆی بە 150 بۆ 250 دینار بوو. لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەی سەروەر عەلی گوتی: "پێگەیشتنی بەری یەکەمی خەیار کۆتایی هاتووە و بەری دووەمیش کۆتایی ئاب پێدەگات، بۆیە لە بازاڕدا کەم بووەتەوە و نرخەکەی بەرزبووەتەوە."
 
هاوردەکردنی خەیار لە بەرژەوەندیی جووتیاران قەدەخە کراوە. بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد: "لە هەرێمی کوردستان قەدەخەکەی بەردەوامە، بەڵام عێراق دەروازەکانی بۆ هاوردەکردنی خەیار کردووەتەوە".
 
نرخی شووتیی خۆماڵیش بەرزبووەتەوە. سەروەر عەلی گوتی: "ئەمڕۆ کیلۆیەک شووتی بە کۆ 800 دینارە، لەکاتێکدا چەند رۆژێک پێشتر 300 بۆ 400 دینار بوو".
 
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی شووتی گێڕایەوە بۆ نەمانی یەکەم بەری ئەم ساڵ و گوتی: "لە چەند رۆژی رابردوودا گڕەی گەرما شووتیی پێنجوێنی لەنێوبرد، ئەوەش هۆکاری کەمبوونەوەیەتی لە بازاڕدا".
 
ئێستا کیلۆیەک شووتی بە زیاتر لە هەزار و 250 دینارە، لەکاتێکدا چەند رۆژی رابردوو لە نێوان 500 بۆ 750 دینار بوو.
 
لە هەولێریش هەمان شێوەی سلێمانی نرخ بەرزبووەتەوە. رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شووتیی هەولێر نەماوە، ئەوەی هەیە شووتیی پێنجوێنە و کەمە، بۆیە نرخەکەی بەرزبووەتەوە".
 
وەرزی هاوین وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستانە، لەم وەرزەدا هەر بەرهەمێکی نێوخۆ پێدەگات، وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردەکردنی قەدەخە دەکات، ئەوەش لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قاڵبە زێڕی بچووک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

یەک ئۆنسە زێڕ بە 4828 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی، دوای ئەوەی رۆژی رابردوو گەیشتە بەرزترین ئاستی یەک مانگی رابردووی خۆی.