رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن رایدەگەیێنێت، دوای دوو ساڵ و نیو راوەستان، هەناردەی نەوت بە بۆری دەستیپێکردووەتەوە و یەکەم بڕە پارەیان وەرگرتووە. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە دەڵێت ساڵی 2025 وەرچەرخان بووە. بۆ ئەوان.
رۆژی چوارشەممە، 10-12-2025، کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پترۆلیۆم (GKP) کە لە کێڵگەی شێخان کار دەکات، لە نوێترین راپۆرتی دا رایگەیاند، دوای ئەوەی لە مانگی ئەیلوولەوە هەناردەکردن لە رێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردووەتەوە، یەکەم بڕە پارەی شایستە داراییەکانیان وەرگرتووە.
جۆن هاریس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەڵف کیستۆن لەوبارەیەوە گوتی: "ساڵی 2025 ساڵێکی وەرچەرخان بوو بۆ کۆمپانیا، چونکە هەناردەکردن لە رێگەی بۆرییەوە سەرکەوتووانە دەستیپێکردەوە، ئەوەش دوای وەستانێک کە زیاتر لە دوو ساڵ و نیوی خایاند."
بەپێی داتاکانی کۆمپانیاکە، کۆی بەرهەمهێنانی کەڵەکەبوو لە کێڵگەی شێخان 150 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە. تێکڕای بەرهەمهێنانی گشتی لەم ساڵدا نزیکەی 41 هەزار و 400 بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، بەڵام لەم مانگەدا (کانوونی یەکەم دا) ئاستەکە بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 44 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە، پرۆسەی گواستنەوەی فرۆشتن لە تانکەرەوە بۆ بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا بەبێ کێشە بەڕێوەچووە.
نرخی نەوت و شایستە داراییەکان
لەبارەی پارەی نەوتەکە، کۆمپانیاکە ئاشکرای کردووە یەکەم بڕە پارەی فرۆشی هەناردەیان وەرگرتووە. تێکڕای ئەو نرخەی بەدەستهاتووە نزیکەی 30 دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک، کە بە گوتەی کۆمپانیاکە "نیشانەی باشتربوونە بە بەراورد بە فرۆشتنی ناوخۆیی."
کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات لەمەودوا پارەدانەکان لە ماوەی 30 رۆژ دوای بارکردنی نەوت وەربگیرێن.
دابەشکردنی قازانج و پلانی ساڵی داهاتوو
جۆن هاریس ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی باشبوونی دۆخی داراییەوە 50 ملیۆن دۆلار قازانجیان بەسەر خاوەن پشکەکاندا دابەشکردووە.
بۆ ساڵی 2026، بەڕێوەبەری گەڵف کیستۆن دەڵێت: "پلانی کارمان تەرکیزکردنە لەسەر بەرەوپێشبردنی پڕۆژەکانی ئێستا. هەروەها ئەگەر پارەدان بە نرخە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بێت، بژاردەی ئەوەمان هێشتووەتەوە کە دەست بە هەڵکەندنی بیر بکەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ