رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا بەرزبووەوە؛ نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش بۆ خوار 2000 دۆلار دابەزی.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە دوو کۆبوونەوەی رابردووی بازاڕدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەرپرسانی وەزارەتی وزەی ئەمریکا دەستیان کردووە بە پڕکردنەوەی یەدەکی ستراتیژیی ئەو وڵاتە و بەو پێیەش خواستیان بۆ نەوت بەرزکردووەتەوە.
نرخی نەوتی برێنت بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 11-12-2023 دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 11 سەنت بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 96 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 7 سەنت بەرزبووەوە و بە 71 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەمڕۆ سنووردار بووە، بەو پێیەی نیگەرانی لە بازاڕدا هەیە کە ساڵی داهاتوو بەهۆی سستبوونەوەی ئابووریی چین، خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوت کەم ببێتەوە.
نرخی نەوت رۆژی هەینی بە رێژەی 2% بەرزبووەوە، بەڵام لە ئاستی هەفتانەدا بۆ ماوەی 7 هەفتەیە دابەزینی تۆمار کردووە.
بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی نەوت دوای ئەوە هات کە وەزارەتی وزەی ئەمریکا بە بڕی 3 ملیۆن بەرمیل نەوتی کڕیوە بۆ پڕکردنەوەی یەدەکی ستراتیژیی ئەو وڵاتە.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "دەزانین ئیدارەی بایدن سەرقاڵی کڕینی نەوتە بۆ پڕکردنەوەی یەدەکی ستراتیژیی نەوت، ئەمەش پاڵپشتیی بۆ نرخی نەوت دروستکردووە."
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ خوار 2000 دۆلار دابەزی
ئەمڕۆ دووشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکان، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە 2002 دۆلارەوە دابەزی بۆ 1995 دۆلار و بەو پێیەش بە رێژەی 0.35% دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
دابەزینی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات کە بەهای دۆلاری ئەمریکی لە بەرامبەر شەش دراوی سەرەکیی جیهان بەرزبووەوە.
پێنوێنی دۆلار ئەمڕۆ دووشەممە بەرزبووەتەوە بۆ سەرووی 104.05، ئەوەش بە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی زێڕ هەژمار دەکرێت.
بەپێی شرۆڤەکاران، دابەزینی نرخی زێڕ بۆ خوارەوەی 1995 دۆلار بە ئەگەری زۆرەوە نرخی کانزای زەرد هاندەدات بەرەو 1965 دۆلار.
بەپێی (زوانی مێهتا) شرۆڤەکاری سەر بە پلاتفۆرمی (ئێف ئێکس)، بۆ دابەزینی نرخی زێڕ بۆ 1965 دۆلار، پێویستە سەرەتا فرۆشیارانی زێڕ بتوانن نرخی زێڕ تاوەکو 1980 دۆلار دابەزێنن، بەو پێیەی ئاستی 1980 دۆلار بە ئاستێکی هەستیار بۆ نرخی زێڕ دادەنرێت.
بەپێی ئەو شرۆڤەکارە، بە پێچەوانەوە، ئەگەر لە بازاڕی زێڕدا کڕیاران توانییان دەسەڵات بگرنەدەست، پێش ئەوەی نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ هانبدەن بەرەوە 2040 دۆلار، دەبێت بتوانن ئەمڕۆ تاوەکو ئاستی 2005 بەرزی بکەنەوە.
سەرەڕای ئەو پێشبینییانە، بازرگانانی زێڕ ئەم هەفتەیە چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک ئاماری ئابووری دەکەن، لەوانەش ئامارەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا.
پێشبینی دەکرێت ئەم هەفتەیە گوتاری جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کاریگەریی بەرچاو لەسەر نرخی زێڕ دابنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ