وەزیری دارایی عێراق لەبارەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت

12-03-2024
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دارایی عێراق بانگهێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمان دەکرێت و ئەندامێکی کوردی نێو لیژنەکە دەڵێت، "لەبارەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستانەوە، چەند پرسیارێکی لێدەکەین."
 
سێشەممە، 12-03-2024، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی چوارشەممە، لیژنەکەیان لە پەرلەمان پێشوازیی لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکات و چەند پرسیارێکی لێدەکەن و داوای روونکردنەوەی لێدەکەن.
 
جەمال کۆچەر گوتیشی: "لەبارەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان چەند پرسیارێک لە وەزیری دارایی دەکەین، هەروەها دەپرسین: ئایا راستە پێشمەرگە لە لیستەکەدا نییە؟ ئەگەر وایە بۆچی؟"
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، تەیف سامی، گلەیی لە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان هەیە و ئەویش لەوبارەوە داوای روونکردنەوە و بەدواداچوونی زیاتر دەکات. 
 
پرسیار لەبارەی ئەوەی کە ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نێردراوە لەسەر چ بنەمایەکە؟ یەکێکی دیکەیە لەو پرسیارانەی کە ئەو ئەندامە کوردەی لیژنەی دارایی ئاراستەی وەزیری دارایی دەکات و دەشڵێت، "دەپرسم، ئایا راستە مانگی ئاداری داهاتوو، بە کی کارت نەبێ مووچە نانێرێت؟ ئەگەر وایە بۆچی ئێستا دەستیان بە پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچە (تەوتین) نەکردووە؟
 
وەزارەتی دارایی عێراق بە چوار لیست نزیکەی 560 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات. پەرلەمانتارێک دەڵێت، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی پێشمەگە و هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش لە داهاتی نێوخۆ بدات.
 
وەزارەتی دارایی عێراق، نووسراوێکی ئاراستەی یەکەی سیستمی خەرج کردنی وەزارەتەکەی کردووە، تێیدا هاتووە: "بڕی تەنیا (429,252,641,528) دینار(429 ملیار و 252 ملیۆن و 641 هەزار  و 528 دینار) بخرێتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان/ وەزارەتی دارایی و ئابووری، کە لە بانکی ناوەندیی عێراق لقی هەولێر کراوەتەوە بە ژمارە (200115)، ئەوەش بۆ خەرجکردنی شایستەی فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوباتی 2024 لەگەڵ تێبینی ئەوەی ئەو بڕە وەک قەرز لەسەر هەژمارمان تۆمار بکرێت، کە لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ژمارە (70015) هەمانە".  
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 11ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی دارایی عێراق بە چوار لیست نزیکەی 568 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
 
سۆران عومەر روونیکردەوە، لیستی یەکەم: خانەنشینی مەدەنی و سەربازی؛ لیستی دووەم: تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی؛ لیستی سێیەم: کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون؛ لیستی چوارەم: 37 وەزارەت و دەستە و سەرۆکایەتییەکان و ئەنجوومەنی دادوەرییە.
 
هەروەها راشیگەیاند، وەزارەتی دارایی پارەی ئەو لیستانەی خەرجکردووە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆی ناردووە، بەڵام لیستی وەزارەتی پێشمەرگە، ناوخۆ، ئاسایش و ئەنجوومەنی ئاسایش، تەنیا بە ژمارە نێردراوە نەک بە زانیاری تەواو، کە بڕەکەی نزیکەی 300 ملیار دینارە، دەبێت هەرێمی کوردستان لە داهاتی نێوخۆ بۆیان دابین بکات.
 
وێڕای خەرجکردنی ئەو  429 ملیار و 252 ملیۆن و 641 هەزار و 528 دینارە، بۆ 37 وەزارەت و دەستە و سەرۆکایەتییەکان و ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی عێراق بە سێ نووسراوی دیکە پارەی خەرج کردووە.
 
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە ئاراستەی یەکەی سیستمی خەرج کردنی وەزارەتەکەی کردووە، لەوانە 10 ملیار و 967 ملیۆن و 100 هەزار دینار بۆ شایستەی بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە کوردستان بۆ مانگی شوباتی 2024.
 
 وەزارەتی دارایی عێراق، دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق ئاگادارکردووەتەوە کە "خەرجکردنی مووچەی مانگی شوباتی هەرێمی کوردستانی دەستپێکردووە، بەوپێیەی میکانزمی جێگرکردنی مووچە پێویستی بە کاتە، بۆیە تەنیا بۆ ئەم مانگە بەم شێوەیە خەرج دەکرێت و مووچەی مانگی ئاداری خەرج ناکەین، تاوەکو پێویستییەکانی جێگیرکردنی مووچە لەلایەن هەرێمەوە تەواو نەکرێت".
 
وەزارەتی دارایی عێراق بەرپرسیاریەتی یاسایی دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راستی و دروستی ئەو داتا و زانیارییانەی کە خستویەتییە بەردەم لایەن و دەستەکانی چاودێریی و یاسایی، بە بەرپرسیاریشی دەزانێت لە خەرجکردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی شایستە و راستەقینە.
 
هەروەها وەزارەتی دارایی عێراق لە نووسراوەکەیدا داوای لە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت "سۆمۆ" کردووە کە هەڵویستی خۆیانی پێ رابگەیێنن سەبارەت بەوەی تا چەند هەرێمی کوردستان پابەندی مادەکانی 11 و 12ی یاسای بودجە بووە لەبارەی بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو یان ئەوەی مانگانە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ رادەستی بکات، بەوپێیەی ئەمە کارێکە مانگانە دەیگرنەبەر و دەبێت مانگانە لە 25 مانگ وەڵام بدرێنەوە. 
 
وەزارەتی دارایی عێراق داواش دەکات پەلە بکرێت لەوەی وەڵامیان بدەنەوە و هەڵوێستی خۆیان بدەن لەسەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە چەند بڕی نەوتی هەناردەی رادەستکردووە، وەک وەزارەتی دارایی باسی کردووە ئەمە کارێکی مانگانەیە بەبێ داواکردن پێویستە 25ی هەموو مانگێک وەڵامیان بدەنەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مێزی بودجەی رووداو

مێزی بودجەی رووداو: 'لە بودجەدا بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان نیازپاک نییە'

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، لە عێراق بابەتی بودجە بووەتە ''موزایدە''ـی سیاسی؛ پەرلەمانتارێکی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت ''تاوەکو ئێستا دیار نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی فیعلی دەرهێنراوە یان نا.''