لە ئیسرائیل ئاوی ئاوەڕۆ بەڕێژەی 100٪ چارەسەر دەکرێت

13-08-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
چارەسەرکردنی ئاوی زێراب و ئاوەڕۆ لە ئیسرائیل
چارەسەرکردنی ئاوی زێراب و ئاوەڕۆ لە ئیسرائیل
نیشانەکردن چارەسەرکردنی ئاو ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەم هاوینە گەرمەدا، لە ناوچەی ئیلیات لە باشووری ئیسرائیل کە هیچ سەرچاوەیەکی سرووشتیی ئاوی پاکی نییە، جووتیارێکی ئیسرائیلی دارخورماکانی ئاو دەدات. ئەو ئاوەی بەکاریدەهێنێت تێکەڵەیەکە لە ئاوی پاڵێوراوی ئاوەڕۆکان و ئاوی سازگار.
 
ئاریک ئاشکەنازی، بەڕێوەبەری بەشی ئەندازیاری لە کۆمپانیای عەین نێتافیم، کە ئاوی ئاوەڕۆی ئیلیات دەپاڵێوێت، دەڵێت ئیسرائیل لەسەر ئاستی جیهاندا پێشەنگە لە بەکارهێنانی ئەو ئاوە بۆ کشتوکاڵ.
 
ئاریک سەبارەت بە کارکردنی کۆمپانیاکە دەڵێ "دامەزراوەکە ئاوی تەواوی ئاوەڕۆکە چارەسەر دەکات و حەوت رۆژی هەفتە و هەر رۆژێک 24 کاژێر کاردەکات. ئاوی پاڵێوراو دەگوازرێتەوە و تاوەکو کۆتا دڵۆپ دەدرێتە جووتیاران."
 
لەبەرئەوەی هیچ سەرچاوەیەکی ئاوی شیرین لە ناوچەی ئیلیات نییە، ئاوی دەریا و ئاوی ژێرزەوی شیرین دەکرێت.  بەشێکی بەمەبەستی خواردنەوە و بەکارهێنانی لەلایەن ماڵانە و رێژەیەکی کەمیشی بەمەبەستی کشتوکاڵی بەکاردەهێنرێت دوای ئەوەی لەگەڵ ئاوی زێرابی چارەسەرکراو، تێکەڵدەکرێت. 
 
یوسی یاکوبی، جێگری سەرۆکی ئەندازیارانی وێستگەی میکۆرێت باس لەوە دەکات، "وەک هەموو وڵاتێک لە جیهاندا، ئێمە تێگەیشتین کە ژمارەی دانیشتووان زیاد دەکات، لەبەرئەوەش زێرابی زیاتر دروستدەبێت کە دەبێتە بارگرانی. بۆیە بیرمان لەوە کردەوە، کە ئاوی ئاوەڕۆ دەتوانێت سەرچاوەیەکی دابینکردنی ئاو بێت. ئێمە دەستمان بە چارەسەرکردنی ئاوەکە کرد و ئێستا لە ئیسرائیل 100٪ـی چارەسەر دەکرێت و 90٪ـی ئاوە چارەسەرکراوەکەش بەمەبەستی کشتوکاڵ بەکاردەهێنین."
 
سەرکەوتنی ئیسرائیل لە چارەسەکردنی ئاوی ئاوەڕۆ و سوێر، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بتوانێت ئاو هەناردەی هەندێ لە وڵاتانی ناوچەکە بکات. ئیسرائیل رۆژانە 100 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی خواردنەوە دەداتە ئوردن و فەلەستین. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە