بە‌هێزترین و لاوازترین دراو.. دیناری کوێتی بەهێزترینە و بۆلیڤاری ڤەنزوێلی لاوازترینە

13-10-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن دراو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
هێزی دراوی هەر وڵاتێک، گوزارشت لە ئاستی ئابووریی وڵات و سەقامگیری و توانای ئابووری لەسەر ئاستی جیهاندا دەکات. ئەو دراوە بەهێزانەی رۆژانە ناوەکانیان دووبارە دەبێتەوە، هەمیشە بریتین لە پاوەندی ئیستەرلینی، دۆلاری ئەمریکی و یۆرۆ و هەندێک دراوی دیکەش.
 
ئەگەر هێزی دراوەکان پەیوەندی بە ئاستی توانای کڕینی کاڵا و رکابەریی دراوەکانی دیکەوە هەبێت، ئەوا بێهێزترین دراوەکانی جیهان، دراوی ئەو وڵاتانەن کە ئابوورییەکی خراپیان هەیە، ئابڵوقەیان لەسەرە.
 
ماڵپەری "fxssi.com" پێیوایە زۆر قورسە، پۆلێنبەندی لاوازترین دراوەکانی جیهان بکرێت بەپێی ریزبەندییەکی دروست، ئەمەش بەهۆی گۆڕانی خێرای دۆخی ئابووری سەرجەم وڵاتان، کە دەبێتە گۆڕانکاری لە بەهای دراوەکاندا، بەڵام ئەو ماڵپەرە پۆلێنبەندییەکی بۆ لاوازترین دراوەکانی جیهان تاوەکو سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ کردووە.
 
وەک ماڵپەرەکە ئاشکرایکردووە، ریزبەندی لاوازترین دراوە جیهانییەکان بەمشێوەیەیە:
 
بۆلیڤاری ڤەنزوێلی:
 
لەسەرەتای مانگی ئەیلوولدا، نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 319 هەزار و 435 بۆلیڤار بوو. بۆلیڤار بەشێکی زۆری بەهای خۆی بەهۆی هەڵئاوسانی تووندی ئابووریی وڵاتەکە لەئەنجامی پەتای کۆرۆناوە، لەدەستدا. ئەمە جیا لە سزاکانی ئەمریکا لەسەر ڤەنزوێلا. سزاکان وایانکرد دابەزینی بەهای بۆلیڤار بگاتە ئاستێکی پێوانەیی لە 2020دا. دراوە ڤەنزویلییەکە، بەیەکێک لە لاوازترین دراوەکانی سەر ئاستی جیهان دادەنرێت.
 
لە 20ی ئابی 2018دا، حکومەتی ڤەنزوێلا سێ سفری سەر دراوی بۆلیڤاری لابرد، بەڵام ئەوە رێگری نەکرد لە دابەزینی زیاتری بەهای دراوەکەی لەسەر ئاستی جیهاندا. حکومەتی کاراکاس لە هەنگاوێکی دیکەدا بەهەمان ئاراستە، دراوێکی کۆدداری بەناوی 'پترۆ' دەرکرد، بەئامانجی 'دژایەتیکردنی دۆلاری ئەمریکی'، ئەو کارە سەریکێشا بۆ خێراتربوونی رێژەی بێ بەهابوونی بێوێنەی دراوەکە، لەبەرئەوەی کارەکە وا لێکدرایەوە کە حکومەت بە ئارەزووی خۆی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دراوی ناوخۆییدا دادەنێت. 
 
ریاڵی ئێرانی:
 
لەسەرەتای مانگی ئەیلوولدا نرخی دۆلارێک 244 هەزار ریال بوو لە بازاڕی رەشدا بەرامبەر دۆلارێک. بەڵام نرخی فەرمی 41 هەزار و 941 ریال بوو. 
 
دابەزاندنی بەهای ریال، لە پاش شۆڕشی ئیسلامییەوە لە 1979 دەستیپێکرد، کاتێک ژمارەیەکی بەرچاوی کۆمپانیاکان لە ئەنجامی نادڵنیایی لە کارکردن لە وڵاتەکەدا، لە ئێران چوونە دەرەوە. دواتر جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، پاشان سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر ئەو وڵاتەدا بەهۆی پڕۆگرامە ناوکییەکەیەوە، هێندەی دیکە دۆخی ریالیان شپرزەکرد.
 
حکومەتی ئێران دەستگەیشتنی دانیشتووانی وڵاتەکەی بە دراوی بیانی زەحمەتکرد، ئەمەش بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی گەورەی بەهای دۆلار لە بازاڕی رەشدا. هەموو ئەو هەنگاوانە، زیانی گەورەیان بە ئابووریی وڵاتەکە گەیاند و بەهای دراوەکەی نزیکەی 400 لەسەد، دابەزی.
 
ساڵی 2015، واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی + ئەڵمانیا، دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی باشکرد و بەهای دراوەکەشی بەرزبووەوە. بەڵام ساڵی 2018، ئەمریکا بەبیانووی پێشێلکردنی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، تاکلایەنە سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە و لەپێشتر تووندتری کرد، ئەوە بووە هۆکاری داڕووخانی ئابووریی وڵاتەکە و هاڕەکردنی ریال، لە بەرامبەر دراوی بیانیدا.
 
سزاکان ئێرانیان لە هەناردەکردنی نەوت بێبەشکردووە، کە سەرچاوەی 69٪ی داهاتی ساڵانەی وڵاتە، ئەمەش بێتوانایی و کورتهێنانی مەترسیداری لە بودجەی گشتی وڵاتدا دروستکردووە. سزاکانی ئەمریکا هەروەها پیشەسازییەکانی وڵاتیان ماندووکردووە، بەتایبەت پیترۆکیمیاوی و کانزاکان.
 
لە ئایاری ئەمساڵدا، ئێران رووبەڕووی هەڵاوسانێکی بێوێنە بووەوە، بەهای دراوەکەی 600 لەسەد لەدەستدا، حکومەتی وڵات بڕیاریدا پەنا بباتە بەر تمەن لەبری ریال و 4 سفری لەسەر دراوەکە سڕییەوە، ئێستا 10 هەزار ریالی کۆن، بەرامبەر یەک تمەنە.
 
دۆنگی ڤێتنامی:
 
نرخی هەر دۆلارێک بەرامبەر 23 هەزار و 170 دۆنگی ڤێتنامییە، سێیەم لاوازترین دراوی جیهانە لە رووی بەهاوە. لە کاتێکدا ڤێتنام هێشتا لە قۆناخی گۆڕانی قورسدایە لە ئابووریی سۆسیالیستییەوە بۆ ئابووریی بازاڕ، بەوەش بەهای دراوەکەی لەم قۆناخەدا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە. لەگەڵ ئەوەشدا پسپۆران سوورن لەسەر ئەوەی حکومەتی ئەو وڵاتە هەنگاوی دروست دەنێت و بەمنزیکانە بە دراوسێ ئاسیاییەکانی دەگاتەوە.
 
روپێی ئیندۆنیزی:
 
نرخەکەی 14 هەزار و 587ە بەرامبەر هەر دۆلارێک. بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی بەهای دراوە کۆنەکانی وڵاتەکە، ئیندۆنیزیا بە فەرمانێکی سەرۆکایەتی وڵات لە 5ی ئەیلوولی 2016دا، حەوت دراوی دیکەی خستە بازاڕەوە کە گەورەترینیان 100 هەزار روپێ بوون.
 
هەرچەندە ئیندۆنیزیا وڵاتێکی پێشکەوتووی سەقامگیری رۆژهەڵاتی ئاسیایە، بەڵام بەهای دراوەکەی زۆر بێهێزە. حکومەت چەندین رێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ بەهێزکردنی بەهای روپێ، بەڵام تائێستا سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە.
 
سوومی ئۆزبەکی:
 
هەر دۆلارێک بەرامبەر 10 هەزار و 266 سوومە. لە ساڵی 1994ەوە، سوومی نوێ کە خراوەتە بازاڕەوە، بەهاکەی بەرامبەر هەزار سوومی کۆنە. 
 
لە 5ی ئەیلوولی 2017ەوە، حکومەت سیاسەتی دراوی ئازادکردووە و نرخی یەک دۆلاری بەرامبەر هەشت هەزار و 100 سووم، دەستنیشانکردووە.
 
لیوانی سیرالیۆنی:
 
بەهاکەی بەرامبەر یەک دۆلار، 9 هەزار و 889 یوانە، دراوی وڵاتێکی ئەفریقیی هەژارە. وڵاتەکە چەندین تاقیکردنەوەی ئەنجامدا کە بوونە هۆکاری دابەزینی بەهای دراوەکەی، لە ماوەی رابردوودا، جەنگ لە وڵاتەکەدا هەڵگیرسا و لەگەڵ پەتای کۆرۆنادا، جارێکی دیکە نەخۆشیی ئیبۆلاش سەریهەڵدایەوە.
 
فرەنگی گینی:
 
هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر 9 هەزار و 661 فرەنگی گینییە، رێژەی هەڵاوسانی بەرز، هەژاریی بەردەوام و گەشانەوەی کاری مافیاکان، بووە هۆکاری دابەزینی ئاستی بەهای دراوی گینیا، کە وڵاتێکی ئەفریقیە و یەکێکە لە وڵاتە پێشەنگەکانی خاوەن زۆرترین هەڵاوسان لە جیهاندا.
 
لە رووی سەرچاوەی سرووشتییەوە، گینیا دەوڵەمەندە، خاوەنی کانی گەورەی زێڕ، ئەڵماس و ئەلمنیۆمە، بەڵام دراوەکەی یەکێکە لە بێهێزترینەکانی جیهان.
 
کیپی لاوی:
 
یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 9 هەزار و 113 کیپە. لە نێو پۆلێنی ماڵپەرە جیهانییەکەی تایبەت بەبەهای دراوەکاندا، کیپی دراوی وڵاتی لاوس، کە یەکێکە لە دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتی ئاسیا، لە ماوەی رابردوودا بەهای دانەبەزیووە، بەڵام بۆخۆی لە بنەمادا دراوێکی بێهێزە. هەرچەندە لەوکاتەوەی لە ساڵی 1952ەوە دەرچووە، بەردەوام لە بەرامبەر دۆلاردا گەشەی کردووە و هێزی زیاتری بەدەستهێناوە.
 
 گوارانی پاراگوایی:
 
هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر 6 هەزار و 965 گوارانە. پاراگوای دووەم هەژارترین دەوڵەتی ئەمریکای باشوورە. ئابوورییەکەی پاشەکشەیەکی بێوێنەی بەخۆوە بینیووە. چونکە هەڵاوسان و گەندەڵی و خراپیی کواڵێتیی خوێندن و ژمارەی زۆری هەژاران لە وڵاتەکەدا و بەرزبوونەوەی بێکاری و ئاماژەکانی سستبوونی گەشەی ئابووری، هۆکاری سەرەکی داڕمانی بەهای دراوی وڵاتەکەن.
 
ریالی کەمبۆدی:
 
هەر دۆلارێک بە 4 هەزار و 98 ریالی کەمبۆدییە. ئەو دەوڵەتە شانشینیەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، لە پلەی دەیەمی بێهێزترین دراوە جیهانییەکانە. ئەو دراوە ساڵی 1995 دەرچووە، بۆ ئەوەی شوێنی قرووشی هیندۆچینی بگرێتەوە کە پێشتر لە وڵاتەکەدا بەکاردەهێنرا.
 
لە بنەمادا، بەهای ریال بەرامبەر دراوە جیهانییەکان لاواز بوو، دانیشتووانی وڵاتەکە بەشێوەیەکی بەرچاو ئەو دراوەیان بەکارنەدەهێنا و روویان لە دراوی بیانی کردبوو. بەشێکی بەرچاوی خەڵکی کەمبۆدیا دۆلاری ئەمریکی لە مامەڵە رۆژانەییەکانیاندا بەکاردەهێنن، ئەوەش بووەتە هۆکاری دابەزینی بەهای دراوی ناوخۆیی وڵاتەکە.
 
بەهێزترین دراوەکانی جیهان
 
راستە دۆلاری ئەمریکی مامەڵەپێوەکراوترین دراوی جیهانە، بەڵام دۆلار بەهێزترین دراوی دونیا نییە، بەڵکو یەکێکە لە بەهێزترینەکان. لە بەرامبەر دۆلاردا هەشت دراوی دیکە لە جیهاندا هەن کە لەرووی هێزەوە، لە دۆلار لەپێشترن. ئەمە بەپێی پۆلێنبەندی بەهێزترین دراوەکانی جیهان لە ساڵی 2020دا.
 
بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، کاریگەریی زۆری لەسەر ئابووریی دونیا دروستکرد و گورزی کوشندەی لە هەندێک وڵات دا، زۆر وڵات یەدەگی دراوی بیانییان بەشێوەی بەرچاو کەمیکرد، بەڕادەیەک زۆر وەبەرهێن و کڕیار، هەست بە ترس دەکەن و لە نێو بازنەیەکی گوماندا دەسووڕێنەوە، کە بەهۆیەوە ناوێرن هەنگاوی نوێ بنێن لە پڕۆژە و بزنسی نوێدا.
 
ئەم دۆخە، بووە هۆکار بۆ دابەزینی بەها و هێزی زۆر دراو، بەڵام ماڵپەری remitr.com دەڵێ، ئەو دۆخە نوێیە نەیتوانیووە کاریگەریی لەسەر دە بەهێزترین دراوی جیهان دروست بکات.
 
ئەو ماڵپەرە بەهێزترین دراوەکانی جیهانی بەمشێوەیە داناوە:
 
دیناری کوێتی:
 
بەهای هەر دینارێکی کوێتی بەرامبەر 3،25 دۆلاری ئەمریکییە. کوێت هەرچەندە وڵاتێکی قەبارە بچووک و رووبەر کەمە، بەڵام خاوەنی ئابوورییەکی یەکجار بەهێزە بەهۆی هەناردەکردنی زۆری نەوتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان. 80٪ی کۆی داهاتی وڵاتەکە لە فرۆشی نەوتەوە بەدەست دێت.
 
دیناری بەحرەینی:
 
هەر دینارێکی بەحرەینی بەرامبەرە بە 2،65 دۆلاری ئەمریکی. بەهای دراوی ئەو وڵاتە نزیکە لەهەمان بەهای دراوی کوێتەوە. بەحرەینیش وڵاتێکی بچووکی کەنداوە، بەڵام سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی وڵاتەکە، پیشەسازییەکانی پیترۆلە.
 
ریالی عومانی:
 
هەر ریالێکی عومانی، بەرامبەر 2،60 دۆلاری ئەمریکییە. ریالی عومان دراوی وڵاتێکی دیکەی گەورە هەناردەکاری نەوتە لە جیهاندا. هێزی کڕینی دراوەکە بەشێوەیەکە، حکومەتی عومان ناچاربوو دراوی زۆر بچووک لە شێوەی چارەگ و نیوە ریال چاپ بکات و بیخاتە بازاڕەوە.
 
دیناری ئوردنی:
 
بەیەکێک لە دراوە بەهێز و بەبەهاکانی جیهان دادەنرێت، هەر دینارێکی ئوردنی بەرامبەر 1،41 دۆلاری ئەمریکییە، بەپێچەوانەی کوێت، بەحرەین و عومانەوە، ئوردن سەرچاوەی گەورەی هەناردەکردنی نەوتی بۆ دەرەوە نییە. نهێنی هێزی دیناری ئوردنی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە بیست ساڵی رابردوودا بە دۆلاری ئەمریکییەوە بەستراوەتەوە، ئەمەش سیاسەتێکە پێناچێت لە داهاتووی نزیکدا، لەبەهای دراوە ئوردنییەکە کەمبکاتەوە.
 
پاوەندی ئیستەرلینی:
 
نرخی هەر پاوەندێک بەرامبەر 1،25 دۆلاری ئەمریکییە. پاوەند دراوی فەرمیی شانشینی یەکگرتووە (بەریتانیا)، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری هەڵگرانی تاج و هەرێمەکانی دەرەوە. هەندێکی دیکەش لە ناوچەکانی سەر بەشانسینی یەکگرتوو، وەک گیرنزی و گیبرالتار، دراوی تایبەت بەخۆیان هەیە کە دراوی ئەو ناوچانەش هەمان بەهای پاوەندی هەیە.
 
دۆلاری دوورگەکانی کایمان:
 
نرخەکەی بە 1،20 دۆلاری ئەمریکییە. دوورگەکانی کایمان خاوەن دراوێکی بەهێزە، ئەمەش بەهۆی بوونی دوورگەکە بەیەکێک لە پێگە باجییەکانی جیهان و یەکێک لە گەورەترین پێنج سەنتەری دارایی لە جیهاندا. ئەو دەوڵەتە مۆڵەتی کارکردنی سەدان بانک لە جیهاندا دەدات، هەروەها مۆڵەتێکی زۆری سندووقەکانی 'هێج فاوند' و کۆمپانیاکانی دڵنیایی دەدات.
 
یۆرۆ:
 
هەر یۆرۆیەک بەرامبەر 1.11 دۆلاری ئەمریکییە، یۆرۆ دراوی فەرمی دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپایە، دووەم گەورەترین دراوی یەدەگە لە جیهاندا. ناوچەی یۆرۆ چەندین دەوڵەتی خاوەن ئابووریی بەهێز و گەورەی جیهان لە خۆ دەگرێت و هەر ئەوەش وایکردووە، سەیر نەبێت دراوی ئەو ناوچەیە، یەکێک لە بەهێزترینەکانی سەر ئاستی جیهان بێت.
 
فرەنکی سویسری:
 
هەر فرەنکێکی سویسری بەرامبەر 1.04 دۆلاری ئەمریکییە. سویسرا یەکێکە لە دەوڵەمەندترین دەوڵەتانی دونیا و سەقامگیرترینە، سیاسەتە دراوییە دروستەکانی و نزمیی ئاستی قەرزەکانی، وایکردووە فرەنکی سویسری ببێتە 'دراوێکی پارێزراو'.
 
دۆلاری ئەمریکی:
 
بەربڵاوترین و مامەڵەپێوەکراوترین دراوی جیهانە، لە یەدەگی دراوی بیانی وڵاتاندا، گەورەترینە لە جیهاندا، دۆلار بەردەوام بەهێزە چونکە دڵخوازییەکی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان هەیە، هەروەها بانکە ناوەندیی و بازرگانییەکان لە سەرانسەری جیهاندا، بەردەوام لای خۆیان هەڵیدەگرن لەبەر پێویستییان لە مامەڵە نێودەوڵەتییەکاندا.
 
دۆلاری کەنەدی:
 
نرخەکەی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی 0،73 دۆلارە، دراوی فەرمیی کەنەدایە و شەشەم مامەڵەپێوەکراوترین دراوی جیهانە. هێزی دۆلاری کەنەدی بۆ سەرچاوە سرووشتییە گەورەکانی کەنەدا دەگەڕێتەوە، کە پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی جیهاندا هەیە. 
 
کەنەدا یەدەگی یەکجار گەورەی نەوتی خاوی هەیە، دووەم بەرهەمهێنەری یۆرانیۆمە لە جیهاندا. دۆلاری کەنەدی هەستیارە لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا، چونکە زۆرینەی مامەڵە داراییەکانی کەنەدا، لەگەڵ ئەمریکادایە و بەهای دۆلاری ئەمریکی، کاری لێدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە