رووداو دیجیتاڵ
زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزترین نرخی مێژوویی تۆمار کرد و بەراورد بە دوێنێ، نرخی مسقاڵێک عەیار 21 زیاتر لە 10 هەزار دیناری دیکە بەرزبووەوە.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 ئەمڕۆ بە 833 هەزار دینارە".
دوێنێ نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 825 هەزار دینار بوو.
بەگوێرەی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، عەیار 22 بە 873 هەزار دینار و عەیاری 18 بە 715 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بە چوار هەزار و 74 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
تووندبوونەوەی شەڕی بازرگانیی نێوان چین و ئەمریکا، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی ئاراستەی نرخی زێڕ پێچەوانە ببێتەوە و نرخی زێڕ کە رۆژی پێنجشەممە و هەینیی رابردوو دابەزیبوو بۆ کەمتر لە 3950 دۆلار، دووبارە بەرزبێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی سنووردارکردنی هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان لەلایەن چینەوە، بڕیاریدا لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بەڕێژەی 100٪ پێناسی گومرکی بەسەر چیندا بسەپێنێت.
رۆژی یەکشەممە، وەزارەتی بازرگانیی چین رایگەیاند، سنووردارکردنی هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان کارێکی رەوایە و گونجاوە لەگەڵ رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ