نرخی ئۆنسەیەک زێڕ زیاتر لە 20 دۆلار دابەزی

14-05-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ دووەمین رۆژی لەسەریەک نرخی زێڕ دابەزی. ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 22 دۆلار دابەزی و بە 3,222 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.
 
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووش 0.3% دابەزی و بە 3,232 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.
 
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای "کاپیتال دۆت کۆم" رایگەیاند، "پێشهاتە ئەرێنییەکانی سیاسەتی بازرگانیی ئەمریکا لەماوەی کورتخایەندا سەرنجڕاکێشیی زێڕ کەمدەکەنەوە."
 
ئەو شرۆڤەکارە گوتیشی، "پێموایە ئەگەر بەردەوامیی پێشکەوتن لە دانوستانە بازرگانییەکان و رێککەوتن لەنێوان ئەمریکا و هاوبەشە بازرگانییەکانیدا ببینین، نرخی زێڕ دەکرێت زیاتر دابەزێت. ئاستی 3,200 دۆلاریش ئاستێکی پشتیوانیی زۆر گرنگە."
 
ئەمریکا و چین لەسەر کەمکردنەوەی پێناسە گومرگییەکانی نێوانیان بە رێژەی 115% بۆ ماوەی 90 رۆژ رێککەوتوون، ئەوەش خواستی وەبەرهێنەرانی بۆ کڕینی زێڕ کەمکردووەتەوە کە بەردەوام وەک پەناگەیەکی ئارامی وەبەرهێنان لە کاتی نادڵنیاییەکان چاوی لێدەکرێت.
 
هاوکات، وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، پێنوێنی نرخی بەکاربەر لە مانگی نیساندا 0.2% بەرزبووەتەوە، ئەوەش زیاترە لە 0.1% کە لە مانگی ئاداردا تۆمارکرابوو.
 
بازرگانان چاوەڕوانی داتاکانی پێنوێنی نرخی بەرهەمهێنەرندەکەن  (PPI) کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە بڵاوبکرێنەوە بۆ بەدەستهێنانی ئاماژە و بەرچاوڕوونیی زیاتر لەبارەی ئاراستەی سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا. بازاڕ پێشبینی دەکات ئەمساڵ رێژەی سوود بە بڕی 53 خاڵی بنەڕەتی کەمبکرێتەوە، کە لە مانگی ئەیلوولەوە دەستپێدەکات.
 
رۆژی سێشەممە، ترەمپ جارێکی دیکە داوای لە بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی کرد رێژەی سوود کەمبکاتەوە و رایگەیاند، نرخی سووتەمەنی، پێداویستیی رۆژانە و "بە نزیکەیی هەموو شتێکی دیکە" دابەزیوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە