نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ خوار 67 دۆلار دابەزی

14-05-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای دوو رۆژ بەرزبوونەوەی لەسەریەک، نرخی نەوت دابەزی. بەرمیلێک نەوتی برێنت 43 سەنت لە نرخەکەی دابەزی و نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 41 سەنت دابەزی.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئایاری 2025 نرخی نەوتی برێنت 43 سەنت دابەزی و بە 66.20 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوە کرا. نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 41 سەنت دابەزی و بە 63.25 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
هەروەها بازاڕەکان سەرنجیان لەسەر گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوو بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە تێیدا ترەمپ بەڵێنی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریای دا، هاوکات گوشاری لەسەر هەناردەی نەوتی ئێرانیش زیاتر کرد.
 
رۆژی سێشەممە نرخی نەوت زیاتر لە 2.5% بەرزببووەوە و لە نزیکەی بەرزترین ئاستی دوو هەفتەی رابردوو مایەوە، کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا تۆماری کردبوو.
 
رۆژی دووشەممە، ئەمریکا و چین رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی کاتیی ئەو پێناسە گومرگییە بەرزانەی بەسەر یەکتردا سەپاندبوویان. ئەمریکا بۆ ماوەی 90 رۆژ پێناسی گومرگیی لەسەر پەکین لە 145%ـەوە بۆ 30% کەم دەکاتەوە، چینیش رێژەکە لە 125%ـەوە بۆ 10% دادەبەزێنێت.
 
ئەوەی زیاتر پشتیوانیی نرخی نەوت دەکات، ئەوەیە کە لە مانگی رابردوودا هەڵاوسان لە ئەمریکا لە 2.4%ـەوە بۆ 2.3% دابەزیوە.
 
رۆژی سێشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش سزای بەسەر ئەو کۆمپانیایانەدا سەپاند کە رایگەیاند، ماوەیەکی درێژە نەوتی ئێرانیان بۆ چین گواستووەتەوە؛ ئەمەش چەند رۆژێک دوای کۆتاییهاتنی گەڕی چوارەمی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دێت.
 
بڕیارە ئەمڕۆ ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا راپۆرتی فەرمیی خۆی لەبارەی کۆگاکانی نەوتی ئەمریکا بڵاوبکاتەوە، کە زانیاریی زیاتر لەبارەی ئاستی یەدەگەکانی نەوتی خاوی ئەمریکاوە دەخاتەڕوو و یارمەتیدەر دەبێت بۆ دیاریکردنی ئاراستەی نرخی نەوت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە