رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم رۆژی کرانەوەی بازاڕەکان دا، نرخی نەوت بەرگریی لە ئاستی 70 دۆلار کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی نەوتی برێنت 15 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 70.51 دۆلارە. نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش 16 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 68.61 دۆلارە.
هەفتەی رابردوو نرخی نەوت نزیکەی 3% بەرزبوونەوەیان تۆمارکردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) رایگەیاند کە بازاڕی نەوت لەوە تووندتر و بەهێزترە کە پێشبینی دەکرا.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای بڕیاری ئۆپێک پڵەس بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، پاڵاوگەکان بەرهەمهێنانیان زیادکردووە بۆ پڕکردنەوەی خواست لەسەر نەوت لە وەرزی گەشتیاریی هاوینە.
چاوەکان لەسەر 'لێدوانە گرنگەکەی' ترەمپن سەبارەت بە رووسیا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت دەنێرت بۆ ئۆکراینا. ترەمپ نیگەرانیی خۆی لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەربڕیوە بەهۆی نەبوونی پێشکەوتن لە ئاگربەست لەگەڵ ئۆکراینا.
هەفتەی رابردوو، ترەمپ رایگەیاند رۆژی دووشەممە "لێدوانێکی گرنگ" لەبارەی رووسیاوە دەدات، ئەمەش گومانی ئەوەی دروستکردووە ئەمریکا سزای نوێ بەسەر ئەو وڵاتە بەرهەمهێنەرە گەورەیەی نەوتدا بسەپێنێت.
لە کۆنگرێسی ئەمریکا، پڕۆژەیاسایەکی هاوبەشی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات بۆ سەپاندنی سزا بەسەر رووسیادا تاوتوێ دەکرێت، بەڵام هێشتا چاوەڕێی پشتیوانیی کۆشکی سپییە. بەپێی پڕۆژەیاساکە، هەر وڵاتێک، لەنێویاندا چین و هیندستان، نەوت و گازی رووسیا بکڕێت، پێناسی گومرگیی 500%ـی بەسەر بەرهەمەکانیدا دەسەپێندرێت.
باجە گومرگییەکانی ترەمپ رێگرن لە بەرزبوونەوەی زیاتر.
هاوکات، دۆناڵد ترەمپ رۆژی شەممە رایگەیاند، لە 1ـی ئابەوە پێناسی گومرگی بەڕێژەی 30% دەخاتە سەر زۆربەی هاوردەکانی یەکێتیی ئەورووپا و مەکسیک.
ئەم پێناسە گومرگییانە زۆرجار دەبنە هۆی خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی جیهان، چونکە بازرگانی تێکدەدەن و تێچوو بەرزدەکەنەوە. ئەمەش چالاکیی پیشەسازی و گەشتوگوزار لاواز دەکات، کە هەردووکیان هۆکاری سەرەکین بۆ خواستی نەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ