ئەپیکور: بە مەرج ئامادەین دەستبەجێ هەناردەی نەوت دەستپێبکەینەوە

14-07-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەپیکور دەڵێت، لەگەڵ هەولێر و بەغدا کۆبوونەتەوە و ئامادەن 'دەستبەجێ' هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکەنەوە، بەڵام مەرجیان ئەوەیە کە رێککەوتنێکی نووسراو هەبێت بۆ دڵنیاییدان لە وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان و رێزگرتن لە گرێبەستە یاساییەکانیان.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاند، کۆمپانیا ئەندامەکانی "خۆشحاڵن" بەوەی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت چڕکراونەتەوە، هیوادارن لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو ئامانجە بێتەدی.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پێش ئەم گفتوگۆیانە، کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکور و نوێنەری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، رۆژی 12ی تەممووزی 2025 لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کۆبوونەتەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان جەختیان کردووەتەوە کە "ئامادەن دەستبەجێ هەناردەکردنـ[ـی نەوت] دەستپێبکەنەوە، ئەوەش کاتێک رێککەوتنی پابەندکەر واژۆ دەکرێت، کە دڵنیایی بدات لە پێدانی پارەی هەناردە، رێز لە گرێبەستە یاساییە کارپێکراوەکانیان بگیرێت و چارەسەرێک بۆ شایستە داراییە کەڵەکەبووەکانیان بدۆزرێتەوە."
 
ئەپیکور روونیشیکردووەتەوە، دەبێت هەموو پارەدانێک "بە شێوەیەکی خێرا و شەفاف بێت، جێی قبووڵی کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، ئینجا بە کاش بێت یان لە رێگەی رادەستکردنی پشکی نەوتی."
 
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور دەڵێت، "کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور ئامادەن هەناردەکردن دەستپێبکەنەوە، هەر کە رێککەوتنی نووسراو واژۆ کرا کە رێز لە گرێبەستەکانمان بگرێت، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان رێکخراون."
 
گوتەبێژی کۆمەڵەکە گوتیشی، "ئەپیکور هەمیشە جەختی کردووەتەوە کە دەبێت رێز لە گرێبەستەکانی هاوبەشی لە بەرهەمهێنانی ئەندامەکانی بگیرێت و ئەندامەکانیشی هەرگیز بەشدارییان لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا نەکردووە لەگەڵ هیچ لایەنێکی حکومی، کە پێچەوانەی ئەمە پێشنیاز کرابێت."
 
لەدوای دەستپێکی گفتوگۆکانی ئەم دواییانەی بەغدا و هەولێر بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و چارەسەری کێشەی مووچە، یەکەمجارە ئەپیکور هەڵوێستی خۆی بە ئاشکرا رادەگەیێنێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی چارەسەرەکەی کە پێشکێشی بەغدای کردووە، لە ئەگەری بەشداریکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان پێشنیازی رادەستکردنی 217 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی بە بەغدا کردووە. لە ئەگەری بەشدارنەبوونی کۆمپانیاکانیش لە رێککەوتنەکە، پێشنیازی ئەوەی کردووە 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەست بکات.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای 65 هەزار بەرمیل نەوتیشی بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی کردووە.
 
ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان رۆژانە 282 هەزار بەرمیلە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە