پسپۆڕێک: ئاستی 4,000 دۆلار بۆ زێڕ ناوچەی کڕینی درێژخایەنە

14-10-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
ئۆنسەی زێڕ.
ئۆنسەی زێڕ.
نیشانەکردن شەترەنج لەگەڵ د. ترەیدەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، نابێت لە ترسی بەجێمان مامەڵە لە بازاڕ بکرێت. دەشڵێت، ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ و دواتر بەرزبوونەوەی هەیە.
 
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان کە بە د. ترەیدەر ناسراوە دەڵێت، لە بازاڕە داراییەکان زۆرجار خەڵک بە ملیۆنان دۆلار مامەڵە دەکەن، بەڵام ئەوە دیدگەیەکی دروست نییە.
 
ئەمە زۆرجار وەک کاردانەوەیەکی بەکۆمەڵ دەردەکەوێت، ئەوەش کاتێک هەستێکی لە "بەجێمان" لە بازاڕ دروست دەبێت. ئەوەش کێشەیەکی گەورە لە بازاڕ دروست دەکات.
 
د. ترەیدەر دەڵێت، ئەم کاردانەوەیە خێرایی و ناجێگیری بە بازاڕ دەبەخشێت و وادەکات نرخی زێڕ بەبێ هۆکارێکی بنەڕەتی بەرز یان نزم بێتەوە. نموونەش بە بەرزبوونەوەی دوێنێی نرخی زێڕ و دابەزینی ئەمڕۆی دەهێنێتەوە.
 
د. محەممەد ئەمین وەک نموونەیەک، قسەکانی وارن بافێتی هێنایەوە، کە یەکێکە لە سەرمایەگوزارە هەرە سەرکەوتووەکانی جیهان. بافێت دەڵێت: "ئەگەر لە 15 بۆ 20% زیاتری پارەکەت کردە زێڕ، ئەوا وەک کۆگایەک دەیبینیت و ئەو زێڕە هیچ بۆ تۆ ناکات."
 
د. ئەمین جەختی لەوە کردەوە کە نابێت هیچ کەس تەواوی سەرمایەکەی بخاتە ناو یەک سێکتەرەوە، بەڵکو دەبێت سەرمایەکەی بەسەر چەند جۆرێکی جیاوازی وەبەرهێناندا دابەش بکات وەک زێڕ، زەوی و نەوت.
 
د. محەممەد ئەمین ئاماژەی بەوەدا کە "زێڕ بە گشتی بەهای پارەکەی ئێوەیە."
 
واتە، زێڕ وەک پارێزەرێک لە دژی هەڵاوسان و دابەزینی بەهای دراو کار دەکات. ئەگەر قەیرانێک رووبدات و کاڵاکان گران ببن، زێڕیش لەگەڵیدا بەرز دەبێتەوە و بەهای پارەکەت دەپارێزێت. بەڵام ئەمە مانای قازانجی راستەوخۆ نییە، بەڵکو پاراستنی "توانای کڕینە".
 
قسەکانی د. ترەیدەر ئەمڕۆ سێشەممە لە بڕگەی "شەتڕەنج لەگەڵ د. ترەیدەر" بوو لە کاتی پێشکێشکردنی بووڵتەنی "ئابووریی لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح".
 
ئەو پسپۆڕە گوتیشی، بۆیە کڕینی زێڕ لە نرخێک و دواتر دابەزینی نرخەکە، بەو واتایە نایەت کە ئەوەی کڕیویەتی زەرەری کردووە، چونکە وەبەرهێنەر و کەسی زیرەک لە کۆمەڵێک شتی دیکە وەبەرهێنان دەکات و هەموو سەرمایەکەی لەنێو یەک سێکتەر نییە.
 
لە وەڵامی پرسیاری گرنگترین خاڵەکانی کڕین و فرۆشتن لە زێڕ، د. ترەیدەر ئاماژەی بەوەدا:
 
• خاڵی یەکەمی کڕین؛ پسپۆڕەکە دەڵێت، دەکرێت ناوچەی 4044 بۆ 4042، ناوچەی هاتنەدەرەوەی فرۆشیاران بێت لە بازاڕ و لەوێوە زێڕ زیاتر بەرزببێتەوە. گوتیشی، دەکرێت لە چەند دۆلارێک لە سەرووی ئەو نرخەشەوە هەمان کاریگەریی هەبێت.
 
• خاڵی دووەمی کڕین؛ ناوچەی 4000 بۆ 4004 ناوچەی کڕینی درێژخایەنە بە بڕوای د. ترەیدەر. 
 
د. ئەمین پێشبینی کرد ئەگەر نرخەکە بگاتە 4000 دۆلار، ئەوا رەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی 15 بۆ 20 دۆلار بەرز بێتەوە. ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی لێدوانە ئەرێنییەکانی دوێنێی ترەمپ و چین دەربارەی دانوستاندنەکانی بازرگانی، کە کاریگەرییان لەسەر بازاڕەکان دەبێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە