چۆن بڵاونەکردنەوەی داتایەک لە ئەمریکا زێڕ و بیتکۆینی دابەزاند؟

14-11-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بڵاونەبوونی هەستیارترین داتای ئەمریکا و ئەگەری "هەرگیز بڵاونەبوونەوەی"، زێڕ نزیکەی 80 دۆلار و بیتکۆینیش زیاتر لە 5 هەزار دۆلار دابەزین.

سەرەڕای دابەزینە زۆرەکەیان، بەڵام دەکرێت ئەمە کاتی بێت، بەتایبەتی بۆ زێڕ.
 
دابەزینی زێڕ؛ کاتی و سنووردار یاخود بەردەوام؟
 
ئەمڕۆ هەینی، نرخی زێڕ تاڕادەیەک جێگیرە و ئۆنسەیەکی بە 4169 دۆلارە. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە زێڕ لە بەرزبوونەوەی بەردەوام بووە؛ ئێوارەی دوێنێش هەر ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتبووە 4244 دۆلار، کە بەرزترین ئاست بووە لە سێ هەفتەی رابردوودا.
 
لە هەرێمی کوردستانیش،  بەپێی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، نرخەکان بەم شێوەیەن:
 
- مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 728 هەزار دینار
- مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 850 هەزار دینار
- مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 890 هەزار دینار
 
ئەمە نرخی دوێنێیە و ئەمڕۆ بازاڕی زێڕ لە هەرێمی کوردستان داخراوە؛ کاتێكیش ئەم نرخانەی دوێنێ بڵاوکرانەوە، ئۆنسەیەک زێڕ بە 4237 دۆلار بوو. واتە 68 دۆلار لەوکاتەوە دابەزیوە.
 
بەڵام بەم نرخەی ئێستای ئۆنسەی زێڕ، دوور نییە سبەی نرخی مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی، زیاتر لە 10 هەزار دینار دابەزێت.
 
دابەزینی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات کە کێڤن هاسێت، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئابووریی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، رەنگە چەند داتایەکی ئابووریی بۆ مانگی تشرینی یەکەم "هەرگیز دیار نەکەون"، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەهۆی داخرانی حکومەتی ئەمریکا لەم مانگەدا، دەزگاکان نەیانتوانیوە داتاکان کۆبکەنەوە.
 
ئەو گوتیشی، دەکرێت بەشێک لە داتاکان دەکرێت بەم زووانە بڵاوبکرێنەوە، بەشێکیشیان هەرگیز.
 
ترسی بازرگانان ئێستا ئەوەیە کە داتای هەڵاوسان بۆ مانگی رابردوو لەنێو ئەو داتایانە بێت کە بڵاونەکرێنەوە، بەتایبەتی کە بڕیار بوو دوێنێ پێنجشەممە هەڵاوسانی مانگی رابردوو بڵاوبکرێتەوە. داتای بێکاریش هەمان ئەگەری هەیە.
 
بڵاونەکردنەوەی داتاکە ناڕوونی لای بازرگانان دروستکردووە، بەتایبەتیش کە بڕیارە 10ـی مانگی داهاتوو، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاری نوێی خۆی لەبارەی رێژەی سوود رابگەیێنێت.
 
هەڵاوسان، هاوشان لەگەڵ بێکاری، دیارترین دوو ئامار و داتای ئابوورین کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا وەک بنەما بۆ بڕیارەکانی لەبارەی رێژەی سوود، پشتیان پێدەبەستێت.
 
بەڵام بڵاونەکردنەوەیان، بەرچاوڕوونیی ناداتە بەرپرسانی بانکەکە بۆ بڕیاردان لە مانگی داهاتوو.
 
هەڵاوسان بۆ مانگی ئەیلوول 3٪ بوو، ئەگەر لەو رێژەیە کەمتر بووایە، ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە مانگی داهاتوو زیاتر دەبوو، بەپێچەوانەشەوە.
 
لەدوای راگەیاندنی بڵاونەکردنەوەی داتاکەوە، پێشبینیی کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە مانگی داهاتوو لە لایەن بازرگانانەوە لە 65٪ـەوە بۆ 45٪ دابەزیوە.
 
سەرەڕای ئەم دابەزینەش، بەڵام بەشێک لە شارەزایان پێیانوایە دابەزینەکە سنووردار دەبێت، بەوپێیەی هێشتا پێشبینییەکان بەهێزن بۆ ئەوەی کە لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو، رێژەی سوود کەم دەکرێتەوە. 
 
بەشێکی دیکەش دەڵێن، هەرچەندە بڵاونەکردنەوەی داتای هەڵاوسان زێڕی دابەزاندووە، بەڵام بەگشتی ئاسۆیەکی ناڕوون بۆ ئابووریی ئەمریکا دروست دەکات کە ئەمە سەرئەنجام دەکرێت زێڕ بەرزبکاتەوە، یاخود لانیکەم وابکات دابەزینی نرخەکەی سنووردار بێت.
 
"بیتکۆین بۆ خوار 100 هەزار دۆلار دابەزی"
 
بڵاونەکردنەوەی رێژەی هەڵاوسان هاوشێوەی زێڕ، نرخی بیتکۆینیشی دابەزاند.
 
ئێستا هەر بیتکۆینێک بە 97 هەزار و 180 دۆلارە. ئێوارەی دوێنێ بە 103 هەزار و 250 دۆلار بوو.
 
پێشتر بەیانیی ئەمڕۆ، بیتکۆین ئاستی 96 هەزار و 500 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
 
ئەمە نزمترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لە شەش مانگی رابردوودا.
 
بەم ئاستەی ئێستا، بیتکۆین نزیکە لەوەی بۆ سێیەمین جاری لەسەریەک، بە دابەزین کۆتایی بە مامەڵەکانی هەفتانە بهێنێت.
 
کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە کاتی ئاساییدا دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار، بەوەش نرخی زێڕ و دراوە دیجیتاڵییەکان بەرزدەکاتەوە. بەرزکردنەوەی رێژەکەش یان هێشتنەوەی لە ئاستێکی بەرزدا، دۆلار بەرزدەکاتەوە.
 
خاوبوونەوەی کڕینی بیتکۆین لە لایەن دامەزراوە داراییەکانیش، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی بیتکۆینە.
 
تەنیا رۆژی پێنجشەممە، نزیکەی 897 ملیۆن دۆلار سەرمایە لە بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان هێنراوەتە دەرەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4340 دۆلارە

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ دووەم هەفتەی لەسەر یەک بەرزبووەوە و نزیکبووەتەوە لەو ئاستە پێوانەییەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو تۆماری کردبوو.