شارەزایەک: نرخی زێڕ دادەبەزێت و بەرزدەبێتەوە

15-03-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
زێڕنگرییەک لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
زێڕنگرییەک لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

شارەزایەکی زێڕ دەڵێت، پێش بەرزبوونەوەی، ئەگەر هەیە نرخی زێڕ 300 دۆلار دابەزێت.
 
ئەمە قسەی سەیید یوونس ئەحمەدە کە شارەزای بازاڕی زێڕ و زێڕنگەرە لە دهۆک و میوانی بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ـی رۆژی شەممە 15-3-2024 بوو لە پێشکێشکردنی محەممەد شێخ فاتیح.
 
نیوەڕۆی دوێنێ هەینی، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 3 هەزار دۆلار، بەڵام لەکاتی داخرانی بازاڕدا بە 2 هەزار و 986 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
سەیید یوونس ئەگەری داخرانی حکومەتی ئەمریکا بە هۆکاری سەرەکیی زانی کە رۆژانی رابردوو نرخی زێڕی ئاراستە کرد.
 
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا تەنیا چەند کاژێر بەر لەوەی حکومەتی ئەمریکا دابخرێت، دەنگی بە بودجەی خەرجییەکانی حکومەت دا و نەیهێشت حکومەت بێ پارە بێت. بودجەی خەرجییەکانی ئەمریکا بۆ شەش مانگ دەنگی لەسەر درا.
 
دیموکراتەکان دژی پەسەندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایە بوون، بەڵام دواجار بە 54 دەنگی بەڵێ و 46 دەنگی نەخێر پەسندکرا.
 
ئەو شارەزایە دەڵێت، پێش بڕیارەکە، خەڵک و وەبەرهێنەران بەهۆی ترس لە سستبوونی ئابووریی ئەمریکا زێڕیان کڕی و نرخەکەی گەیشتە 3 هەزار دۆلار.
 
سەیید یوونس دەڵێت، سێ مانگە بەهۆی سیاسەتەکانی ترەمپەوە نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوەدایە، بەتایبەتی بەهۆی سیاسەتەکانی تایبەت بە سەپاندنی پێناسی گومرگی.
 
سەیید یوونس گوتیشی، ئەگەر سستیی ئابووری لە چین، ئەمریکا یان ئەورووپا، ئەوکاتە نرخی زێڕ دادەبەزێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی 3 هەزار دۆلار دەبێتە هۆی خۆڕاستکردنەوەیەکی زۆر، واتە بەهۆی هەڵگرتنەوەی قازانجەوە زۆرینەی وەبەرهێنەران زێڕەکانیان دەفرۆشن و ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخەکە.
 
لەبارەی شەڕی ئۆکرایناشەوە سەیید یوونس دەڵێت، لە هەر ئەگەرێکی ئاگربەست لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا، نرخی زێڕ دادەبەزێت، بەڵام دواتر بەرزدەبێتەوە.
 
لەبارەی ئەگەری دابەزینی نرخەکەشیەوە ئەو شارەزایە پێیوایە، ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ 2 هەزار و 735 دۆلار هەیە، بەتایبەتی لە ئەگەری ئاگربەستی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و ناهەمواریی دۆخی ئەمریکا. 
 
سەیید یوونس دەڵێت، ئاستی 2 هەزار و 735 دۆلار بە ئەگەری زۆر دەبێتە کاتی کڕینی زێڕ. پێش بەرزبوونەوەشی، ئەگەری دابەزینی بۆ ئاستی 2 هەزار و 500 دۆلار هەیە. 
 
لە ئەگەری بەرزبوونەوەشی، دەکرێت زێڕ بە ئاسانی ئاستی 3 هەزار دۆلار تێپەڕێنێتەوە.
 
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕەوە نرخی مسقاڵی زێڕ لە هەرێمی کوردستانیش بەرزتر بووەوە.
 
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەندیکای زێڕینگرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە: 
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24= 715,000  
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22= 655,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21= 625,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 18= 535,000 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە