رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک دەڵێت، پێشبینی دەکەن خواست لەسەر نەوت لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵدا زۆر بەهێز دەبێت.
هەیسەم غەیس، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) لە پەراوێزی سەمینارێکی رێکخراوەکە لە ڤیەننا رایگەیاند، پێشبینییەکانیان نیشانی دەدەن کە خواست لەسەر نەوت لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵدا زۆر بەهێز دەبێت و جیاوازییەکی کەمیش لەنێوان ئاستی دابینکردن (خستنەڕوو) و بەکارهێنان دەبێت.
هەیسەم غەیس ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بەردەوامیی بەرگەگرتنی ئابووریی جیهان، رێکخراوەکە پێشبینی دەکات لە ساڵی 2025دا خواست لەسەر نەوت بە تێکڕای 1.3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات.
ئەمینداری گشتیی ئۆپێک گوتیشی: "ئەم پێشهاتانە و بەردەوامیی بەهێزیی خواست لە چارەکی چوارەمدا لە هۆکارە سەرەکییەکانن کە هانی هاوپەیمانیی هەشت وڵاتە بەرهەمهێنەرەکە (ئۆپێک پڵەس) دەدەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بیر لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان بکەنەوە."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، هەشت ئەندامی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کە رووسیاشی تێدایە، بەرەو وەستاندنی ئەو کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانە هەنگاو دەنێن کە چەند ساڵێکە بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕ پەیڕەویان کردووە.
هاوکات، پێنج سەرچاوە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، بەرهەمهێنەرانی ئۆپێک پڵەس ویستی ئەوەیان هەیە لە مانگی ئەیلوول دا رەزامەندی لەسەر زیادکردنێکی دیکەی بەرهەمهێنان بدەن.
بەپێی دوایین راپۆرتی مانگانەی ئۆپێک کە پێنجشەممەی رابردوو بڵاوکرایەوە، پێشبینی دەکرێت تێکڕای خواستی جیهانی لەسەر نەوت لەم ساڵدا بگاتە 105 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
راپۆرتەکە پێشبینیی ئەوەی کردووە کە خواست لە ساڵی 2026دا بۆ 106.3 ملیۆن بەرمیل و تاوەکو ساڵی 2029 بگاتە 111.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ