رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە هەفتەیەک پێشتر، نرخی کیلۆیەک خەیار 250 دینار دابەزیوە و نرخی تەماتە و پەتاتە لە نزمیدایە. سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێت، "بە قاچاخ هاوردەکردنی پەتاتە و تەماتە دەستیپێکردووە و زیانی زۆری بە بەرهەمی خۆماڵی گەیاندووە".
10ـی ئاب کیلۆیەک خەیار بە کۆ لە عەلوەکان گەیشتە هەزار دینار. سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی کیلۆیەک خەیاری جوان دابەزیوە بۆ نزیکەی 750 دینار بە کۆ".
هەر ئەمڕۆ رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە رووداوی گوت: "خەیار نرخی دابەزیوە، بەڵام نرخی شووتی بەرزە و بە کۆ کیلۆی دەگاتە هەزار دینار".
بە گوتەی رەجەب حاجی عەزیر: "هاوردەکردنی تەماتە و پەتاتە بە هاوئاهەنگی (تەنسیق) و، بە قاچاخ لە دەروازەکانی سلێمانییەوە، زیانی بە بەرهەمی نێوخۆ گەیاندووە".
ئەمڕۆ لە عەلوەی هەولێر کیلۆیەک تەماتە لەنێوان 250 بۆ 600 دینارە، هەروەها پەتاتە بە 250 بۆ 300 دینارە.
رەجەب حاجی عەزیز دەڵێت: "لە سنووری سلێمانی بارهەڵگرێک پەتاتە بە 3 هەزار دۆلار رێگەی هاتنی پێدراوە، بارهەڵگرێک تەماتەش بە 3 هەزار و 500 دۆلار، بەڵام تەماتەکە بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەنێردرێت و پەتاتەکە بۆ نێوخۆ".
بەرپرسێکی ئاگادار لە سلێمانی تۆمەتەکانی رەجەب حاجی عەزیزی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی: "راستە پەتاتە بە قاچاخ هاوردە کراوە، بەڵام زیاتر بۆ بازاڕەکانی گەرمیان بووە و نەک سلێمانی".
هاوردەکردنی پەتاتە و تەماتە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی قەدەخە کراوە.
رەجەب حاجی عەزیز گوتی: "هاوردەکردن بەردەوام بێت مانگی داهاتوو پەتاتەی هەرێمی کوردستان زۆربەی دەمێنێتەوە و نافرۆشرێت، لەکاتێکدا بەرهەمی نێوخۆمان کە زۆرینەی لە هەولێر و دهۆکە ساڵانە دەگاتە 700 هەزار تۆن".
رەجەب حاجی عەزیز داوای کرد، هاوردەکردنی پەتاتە و تەماتە بە تەواوی قەدەخە بکرێت و گوتی: "ئەگەر پەتاتە هاوردە نەکرێت و لە هەولێر و دهۆکەوە هەناردەی سنووری سلێمانی بکرێت، ئەوە بە تەواوی لە خزمەتی بەرهەمی خۆماڵی دەبێت".
وەرزی هاوین وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستانە، لەم وەرزەدا هەر بەرهەمێکی نێوخۆ پێدەگات، وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردەکردنی قەدەخە دەکات، ئەوەش لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ