رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی رۆژئاوای ئاسیای دامەزراوەی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران دەڵێت، لە 5 مانگی رابردوودا هەناردەی ئێران بۆ عێراق بەبێ هەژمارکردنی هەناردەی گاز 7% کەمی کردووە.
عەبدولئەمیر رەبیهاوی، بەڕێوەبەری گشتی نووسینگەی رۆژئاوای ئاسیای دامەزراوەی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران, لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق لە تاران رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا کۆی گشتیی هەناردەی نانەوتیی ئێران بۆ عێراق 2 ملیار و 797 ملیۆن دۆلار بووە، لە کاتێکدا پار لە هەمان ماوەدا بڕەکەی نزیکەی 3 ملیار دۆلار بووە.
بە گوتەی عەبدولئەمیر رەبیهاوی، لەو ماوەیەدا هەناردەی گازی سرووشتیی ئێران بۆ عێراقیش کەمی کردووە، بە بێ ئەوەی ئاماژە بە بڕەکەی بکات.
بەڕێوەبەری گشتی نووسینگەی رۆژئاوای ئاسیای دامەزراوەی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران دەڵێ، زۆرترین هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشانەوە بووە کە بڕەکەی 1 ملیار و 433 ملیۆن دۆلار بووە و پارێزگاکانی خوزستان بە 628 ملیۆن دۆلار و ورمێ بە 436 ملیۆن دۆلار لە ریزی دووەم و سێیەم دان.
دەشڵێت، لەو پێنج مانگەدا هەناردەی پۆڵا لە ئێرانەوە بۆ عێراق بایی 87 ملیۆن دۆلار بووە، لە کاتێکدا پار لە هەمان ماوەدا بایی 261 ملیۆن دۆلار بووە و ئەمەش پێشان دەدات، هەناردەی پۆڵا لە ئێرانەوە بۆ عێراق بە رێژەی 67٪ کەمی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ