رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1.9 ملیار دۆلاری بۆ چاککردنەوە و دروستکردنی تۆڕی ئاو، راکێشانی ئاو، بیرلێدان، چاککردنەوە و دروستکردنی ئاوەڕۆ خەرجکردووە.
کوردۆ شابان، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانى و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ساڵی 2020دا وەزارەتی شارەوانی 1 ملیار و 935 ملیۆن دۆلاری بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی سێکتەری ئاو و ئاوەڕۆ خەرجکردووە، کە پرۆژەکان هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەگرنەوە.
کوردۆ شابان گوتی: "بەشێكی پڕۆژەكان پەیوەستن بە گرێبەستی ئاژانسی 'جایكای ژاپۆنی' كە بە قەرزی درێژخایەن گرێبەستەكە لەگەڵ عێراق كراون و پشكی كوردستان لەو گرێبەستە بەر وەزارەتی شارەوانی كەوتووە".
پرۆژەکان و خەرجییەکان بەمجۆرەن:
- تەواوکردن و جێبەجێکردنی بەشی دووەمی پرۆژەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە دانان و گۆڕینی تۆڕی ئاو.
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجە بە گوژمەی زياتر لە 176 مليۆن دۆلار لەلایەن ئاژانسى جايكاى ژاپۆنی بەشێوەى قەرزى درێژخايەن.
- واژۆكردنی دوو گرێبەستی باشتركردنی پرۆسەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، بە پاڵپشتی قەرزی درێژخایەنی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنكردنەوەی تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوەی چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر (تەیراوە، سێتاقان، منارە و سەیداوە) لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی بازنەی ناوەوەی شەقامی 30 مەتری، دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ پرۆژەی ئاوی ئیفراز/3ی شاری هەولێر.
- جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی بارزان و 51 گوندی دەوروبەری بە گوژمەی 130 مليار دينار بەڕێژەی 76٪.
- پڕۆژەی جێبەجێکردن و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە کەسنەزان و دەوروبەری بە گوژمەی 10 مليۆن دۆلار بە ڕێژەی 60٪.
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی هەولێر (4) و چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی قورسی سلێمانی بە گوژمەی مليارێك و 200مليۆن دۆلار بە رێژەی 7٪ بەشێوەی قەرز.
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە گوژمەی 20 مليۆن دۆلار بە رێژەی 60٪.
- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ بە گوژمەی 90 مليار دینار بە رێژەی 59٪.
- جێبەجێکردنی پێنج پڕۆژەی ئاو بە گوژمەی 700 مليۆن دینار کە بە رێژەی 7٪ جێبەجێکراوە.
- تەرخانکردنی زياتر لە 11 مليار و 500 مليۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی 155 پڕۆژە و پێداویستی لە بواری ئاو و ئاوەرۆ.
-دابینکردنی زياتر لە 10 مليار دینار بۆ کڕینی پێداویستی پاککەرەوە بۆ پڕۆژەکانی ئاو و هەروەها دابەشکردنی ئاو بە پرۆسەی تەنکەرین.
-تەرخانکردنی زياتر لە یەک مليار دینار بۆ بەکرێگرتنی تەنکەر بۆ ئاوەدانی پارک و باخچە و بلوارەکان لە هەولێر و سلێمانی.
-تەواوکردنی قۆناخەکانی دیزاین بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی قورس لە شاری هەولێر (قۆناخی یەکەم) بە بڕی 300 مليۆن دۆلار لەگەڵ دەستنیشانکردنی کۆمپانیای راوێژکار.
-پرۆژەی دابینکردنی کەرەستەی یەدەگ بۆ پڕۆژەکانی ئاو لە پارێزگای هەولێر و راکێشانی هێڵی سەرەکی و ئاوەڕۆی لوولەیی و دابینکردنی کەرەستەی یەدەگ بۆ پرۆژەکانی ئاوی سلێمانی و هەڵەبجە بە گوژمەی 9 مليۆن دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ