رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ژووری بازرگانیی بەغدا جەخت لەوە دەکاتەوە، گواستنەوەی بەرهەم و بەروبوومە خۆماڵییەکانی کوردستان بۆ نێوەڕاست و باشووری عێراق کێشەی نییە، بەڵام بەرهەمە هاوردەکراوەکانی وڵاتە دراوسێکان لە بازگەکان رێگرییان لێ دەکرێت.
رەشید سەعدی، گوتەبێژی ژووری بازرگانیی بەغدا، میوانی بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی رووداو بوو. تیشکی خستە سەر دۆخی کارگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوئاهەنگیی هەولێر و بەغدا، پەیوەندیی نێوان ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و چەندین بابەتی پەیوەندیدار.
رەشید سەعدی، لەبارەی دۆخی کارگەکان بە رووداوی راگەیاند، دۆخی کارگەکان لە بەغدا بە کەرتە جیاوازەکانەوە بەندە. بەشێکیان پەکیان کەوتووە و کار ناکەن. بەشێکیان بەپێچەوانەوە پەرەی زیاتریان پێدراوە و پێشکەوتوون. کارگەکانی بەرهەمهێنانی خۆراک، رستن و چنین و بابەتە کیمیاییەکان لەگەشەسەندندان بەپێچەوانەشەوە کارگەکانی میکانیکی بەهۆی کێبڕکێی زۆرەوە، لە دۆخێکی باش دا نین.
لەبارەی هاوئاهەنگی لەنێوان ژووری بازرگانیی بەغدا و ژوورەکانی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند هاوئاهەنگیان لەبارەی توێژینەوە، پڕۆژەی هاوبەش، هێزی کار و ئاڵوگۆڕی کەرەستە و کاڵاکان هەیە.
رەشید سەعدی هەروەها دەڵێ "زۆربەی کەرەستە و کاڵاکانمان لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن. زۆربەی کارگەکانی کوردستان لە بەغدا تۆمار کراون. یەکێتیی پیشەسازانی عێراق بەردەوام سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی کارگەکانی هەرێمی کوردستانە."
گوتەبێژی ژووری بازرگانیی بەغدا جەخت دەکاتەوە لەوەی چەندین جار سەردانی ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانییان کردووە کردووە. تەنانەت لە سەردانەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات، پێکەوە کاری هاوبەشیان هەبووە و دەڵی "ژووری بازرگانیی بەغدا پەیوەندییەکی نایابی لەگەڵ سەرجەم ژوورە بازرگانییەکانی کوردستان دا هەیە."
سەبارەت بە کێشەی گواستنەوەی کاڵاکان بەهۆی بازگەکانی عێراق، گوتەبێژی ژووری بازرگانیی بەغدا رایگەیاند، لە دوایین سەردانیاندا بۆ دهۆک، کێشەی گواستنەوەی کاڵا و کەرەستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق بەهۆی بازگەکانەوە خرایەڕوو، گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
رەشید سەعدی دەڵێ "ئێمەش ئەم بابەتەمان خستە بەردەم بەرپرسان لە بەغدا. ئەو کارگە و کۆمپانیایانەی مۆڵەتی فەرمییان هەیە، لە گواستنەوەی کاڵاکانیان هیچ کێشەیان نییە، بەڵام هەندێک کاڵا هەن، کە رێگەیان پێنادرێت بگوازرێنەوە و هەندێک کۆمپانیاش هەن مۆڵەتی فەرمیان نییە، بۆیە رێگەیان پێنادرێت کاڵاکانیان بگوازنەوە یان کێشەی زۆری تێدەکەوێت. بۆ نموونە شەربەت و ئاوی میوەی هاوردەکراوی وڵاتە دراوسێیەکان ئەم بابەتانە بەهەموو شێوەیەک قەدەخەیە. بەڵام ئەگەر بەرهەمی کارگەکانی کوردستان بێت، هیچ کێشەی نابێت. چونکە کاریگەری بەسەر بەرهەمی نێوخۆییەوە دەبێت."
راشیگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران بەپێی یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان بڕیاریدا بە قەدەخەی گواستنەوەی ئاوی میوە، شیرنەمەنی، هەویرکاری و چەندین بابەتی دیکە. تەنانەت لە وەرزە جیاوازەکانی کشتوکاڵیدا هەندێک بەروبووم قەدەخە دەکرێت.
لەبارەی دامەزراندنی کۆمپانیا و کارگەکان لە نێوەڕاست و باشووری عێراق، رەشید سەعدی رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی زۆر هاوکاریی بازرگانان دەکات لە دامەزراندنی کارگەکان؛ هەر لە پێدانی زەویەوە بگرە تاوەکو دەگاتە پێدانی قەرز و توێژینەوە و هەموو جۆرە ئاسانکارییەکی دیکەیان بۆ دەکات.
راشیگەیاند، حکومەت پاڵپشتییان دەکات لە رێگەی پێدانی کارەبای هەرزان و سووتەمەنیی هەرزان؛ رستن و چنین لەگەڵ بەرهەمە کیمیاییەکان بەردەوام لە گەشەدان. بەرهەمە کیمیاییەکان وەک رەشید سەعدی دەڵێ "هەناردەی زۆربەی وڵاتان دەکەین. زۆرترین بەرهەم رەوانەی سعودیە و بەریتانیا کراوە. ئەگەر کارگەکان لە هەرێمی کوردستان گەشە بکەن، لە ناوەڕاست و باشووریش گەشە دەکەن. بۆ نموونە ئەم هەموو گەشتیارەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بەشێکیان دێنە ناوەڕاست و باشووریش."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ