مەسرور بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن

18-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کودستان و جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبوونەوە، یەکێک لە بابەتەکانی گفتوگۆکانیان هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەمڕۆ (سێشەممە، 18-2-2025) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بێریس ئیکینجی، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد."
 
هەناردەی زیاتر لە 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بۆ بەندەری جەیهان لە 25ـی ئاداری 2023 وەستا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس رایگەیاند، تورکیا بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بێ رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێل کردووە. 
 
لە دیدارەکەی مەسرور بارزانی و بێریس ئیکینجی، بیروڕا لەبارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کرا، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وزەدا.
 
گەورەترین کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، کرێی دەرهێنان و گواستنەوە بوو. رۆژی 2ـی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسند کرد، بەمەش کرێی دەرهێنان و گواستنەوەیان بۆ بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان لە 6 دۆلارەوە کردە 16 دۆلار. ئەوەش بۆ ماوەی 60 رۆژە و لیژنەیەک چاودێریی دەکات، پاشان بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدرێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ مەسرور بارزانی و شاندەکەی تورکیا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان، بەتایبەتی دوای پەسندکردنی هەموواری یاسای بودجەی فیدراڵ لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، تایبەت بە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکشەممە (یەکشەممە 16-02-2025) لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ ئاژانسی بلوومبێرگی ئەمریکی رایگەیاند "ئێستا لە لای ئێمەوە هەموو شتێک ئامادەیە بۆ ئەوەی نەوتی خۆمان هەناردە بکەین. ئێمە پێشبینی دەکەین کۆتایی مانگی ئادار هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە."
 
"گرنگە هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بەشدار بێت"
 
گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق بە تورکیا و ئەورووپا لەڕێگەی هێڵی ئاسنین بابەتێکی دیکەی گفتوگۆکە بوو، کە جەخت لە "گرنگیی بەشداریی هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژە ستراتیژییەدا کرا."
 
گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سووریا تاوتوێ کرا و پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکان دووپات کرایەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر شەرابی ئەورووپیدا دەکات

سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی 200٪ پێناسی گومرگی بەسەر شەراب، شامپانیا و خواردنەوەکانی دیکەی دروستکراوی ئەورووپادا دەکات. ئەمەش وەک وەڵامدانەوە بۆ پلانێکی یەکێتیی ئەورووپا کە دەیەوێت پێناسی گومرگی بخاتە سەر ویسکی ئەمریکی.