رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رێگەدان بە کارکردن بە شێوەی یاسایی بۆ کۆڵبەران لە هەفتەیەکدا چوار رۆژ، ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دروستبووە. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
نزیکەی دوو مانگە بەهۆی رێگەدان بە کارکردنی کۆڵبەران بە شێوەی یاسایی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، قەرەباڵخییەکی زۆر دروست دەبێت، بە جۆرێک رۆژ هەیە زیاتر لە 3000 کۆڵبەر هاتووچۆ دەکەن، ئەوەش ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و بازرگانی دروستکردووە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشتر لەگەڵ پارێزگاری ورمێ رێککەوتنمان کردووە بۆ هەر کێشەیەکی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەسەڵات لای سەرپەرشتیارەکانی دەبێت، ئێستا لە گفتوگۆدان بۆ لابردنی ئاستەنگییەکان."
پارێزگاری هەولێر گوتی، "لەسەر هێڵێن لە رێگەی لیژنەکان و سەرپەرشتیارانی دەروازەکانەوە بۆ نەهێشتنی قەرەباڵخی، لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەنجامی گفتوگۆکان دەردەکەون، ئەوەی لە بەرژەوەندیی خەڵک و هاتووچۆ بێت بڕیاری لەسەر دەدرێت."
بۆئەوەی قەرەباڵخی لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران کەم ببێتەوە، پێشتر قایمقامیەتی پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیاری دا لە "رۆژانی شەممە، دووشەممە، چوارشەممە و هەینی بۆ هاتووچۆی ئەو کەسانە دەبێت کارتی سنوورنشینیی [کۆڵبەری]یان هەیە و رۆژانی یەکشەممە، سێشەممە و پێنجشەممەش بۆ گەشتیاری ئاسایی دەبێت."
بەگوێرەی بڕیارەکانی قایمقامیەتی پیرانشار، ئەگەر گەشتیارێک بیەوێت لە رێگەکە دوانەکەوێت و خێرا مامەڵەکانی بەڕێبکرێت، "باشتر وایە ئەو رۆژانە بچێتە دەروازەکە کە هاتووچۆی کۆڵبەر قەدەخەیە، کە رۆژانی یەکشەممە، سێشەممە و پێنجشەممەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ