رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی نرخی زێڕ بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار و بەردەوامی کێشە جیوسیاسییەکان بەرزبووەوە.
لە کاتی داخستنی بازاڕەکان، شەوی رابردوو، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بەڕێژەی 0.4٪ بەرزبووەوە و بە 3351 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە 3358 دۆلار دەستاودەستکرا.
ئیدوارد میر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی مارێکس لەوبارەیەوە رایگەیاند، "دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە، نرخی زێڕی بەرزکردووەتەوە."
رۆژی هەینی پێنوێنی دۆلار بەڕێژەی 0.3٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
سووکی کاپێر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە بانکی ستاندارد چارتێرد، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نیگەرانی لە کەڵەکەبوونی قەرزەکانی ئەمریکا و بەردەوامی کێشەی پێناسە گومرگییەکان، دەبێتە هۆکار بۆ بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ."
هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "هیچ پلانێکی نییە بۆ لادانی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کارەکەی."
دۆناڵد ترەمپ بە بەردەوامی رەخنەی لە سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا هەیە و داوای کردووە سوودی بانکی دابەزێنێت.
بازرگانان پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە دوو قۆناخدا سوودی بانکی کەمبکاتەوە.
کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ