رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت بەشێک لە زیانەکانی هەفتەی رابردووی خۆی قەرەبوو کردەوە و ئەمڕۆ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە.
ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە ڤەنزوێلا و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمریکاوە، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نیگەرانی لەسەر پچڕانی هەناردەکاریی نەوتی ڤەنزوێلا سەرهەڵبدات.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ دووشەممە 25 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 61 دۆلار و 37 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 23 سەنت بەرزبووەوە و بە 57 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخەکانی نەوت هەفتەی رابردوو بە رێژەی 4% دابەزینیان بەخۆوە بینیبوو.
سۆیۆشی ئۆینۆ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (ئێن ئێل ئای) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "رووداوەکانی پەیوەست بە ئەگەری ئاگربەست لە ئۆکراینا کاریگەرییان لەسەر نرخی نەوت داناوە، بەڵام هیوای گەیشتن بە ئاگربەست رۆژێک گەورە دەبێت و رۆژێک کەم دەبێتەوە."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا و نیگەرانی لە نەمانی نەوتی ئەو وڵاتە لە بازاڕەکاندا، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ