رووداو دیجیتاڵ
وزەی ناوکی زەوی (Geothermal Energy) ئەو وزەیەیە کە لە گەرمیی ناو توێکڵی زەوییەوە وەردەگیرێت. ئەمە یەکێکە لەو وزە پاکانەی بە خێرایی گەشە دەکات و ئومێدێکی زۆری لەسەر هەڵچندراوە.
ئەم گەرمییە بە شێوەیەکی سرووشتی لە ئەنجامی شیبوونەوەی هێواشی ئەو ماددە تیشکدەرانەوە دروست دەبێت کە لە هەموو بەردەکاندا هەن. پێشتر باوەڕ وابوو سوودوەرگرتن لەم وزەیە تێچووی زۆرە و تەنیا لە هەندێک شوێنی دیاریکراودا دەکرێت، بەڵام ئێستا بەهۆی تەکنەلۆژیای نوێی بیرهەڵکەندنەوە، دەرکەوتووە کە دەتوانرێت لە زۆر شوێن، وزەیەکی زۆر پاک و بەردەوامی لێ بەرهەمبهێندرێت.
چۆن کار دەکات؟
لەژێر زەویدا، چینێکی زۆر گەرم هەیە پێی دەگوترێت "ماگما." ئەم گەرمییە بەردەوام لە بەردە تواوەکانەوە دێتە سەرەوە. ئەندازیاران بیری قووڵ هەڵدەکەنن بۆئەوەی بگەنە ئەو ئاوە گەرمە، هەڵم یان بەردە تواوانەی لەژێر زەویدان.
پاشان ئەو گەرمییە بەکاردەهێنن بۆ خوولاندنەوەی پەروانە (تۆرباین) و بەرهەمهێنانی کارەبا، یان راستەوخۆ بۆ گەرمکردنی ماڵان و خانووە پلاستیکەکان.
زانایان دەڵێن، ئەگەر تەنیا 10 کیلۆمەتر شۆڕ ببینەوە قووڵایی زەوی، بە وزەیەک دەگەین کە 50 هەزار جار لە هەموو نەوت و گازی جیهان زیاترە.
کارلۆس ئاراکی، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی وزە دەڵێت، "ئێمە زۆر نزیکین لە وزەیەکی پاکی بێ کۆتایی، تەنیا پێویستە چەند کیلۆمەترێک بچینە خوارەوە."
سوودەکانی چین؟
• پاکە: بە بەراورد بە خەڵووز و نەوت، ژینگە پیس ناکات.
• بەردەوامە: بە پێچەوانەی وزەی خۆر و با، 24 کاژێر و بە شەو و رۆژ کاردەکات و پەیوەندیی بە کەشوهەواوە نییە.
• کارامەیە: زۆر بە باشی گەرمییەکە دەکاتە وزەی سوودبەخش.
• رووبەری کەمی دەوێت: پێویستی بە رووبەرێکی زۆر کەم هەیە بە بەراورد بە کێڵگەکانی وزەی خۆر یان با.
خاڵە خراپەکانی چین؟
• تێچووی سەرەتایی زۆرە: هەڵکەندنی بیری قووڵ و دروستکردنی وێستگەکان پارەیەکی زۆری دەوێت.
• مەترسیی ژینگەیی: لە کاتی هەڵکەندن، رەنگە هەندێک گازی زیانبەخش لەژێر زەوییەوە دەربچێت.
• بوومەلەرزەی بچووک: هەندێکجار لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی بوومەلەرزەی بچووک.
• پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی ورد هەیە: دەبێت ئاگاداری سەرچاوە ژێرزەمینییەکان بیت بۆ ئەوەی وشک نەکەن.
داهێنانە نوێیەکان چین؟
ئەندازیاران کار لەسەر چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دەکەن:
1. کۆمپانیای (Quaise Energy): تەکنەلۆژیایەکی نوێی داهێناوە، کە لەبری بەردبڕی ئاسایی، بە شەپۆلی کارۆموگناتیسی بەردەکان دەتوێنێتەوە و کون دەکات. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە شوێنی زۆر گەرمتر و قووڵتر.
2. کۆمپانیای (Fervo Energy): تەکنیکەکانی پیشەسازیی نەوت بەکاردەهێنێت، وەک لێدانی ئاسۆیی (بە پانایی) بۆ ئەوەی وزەیەکی زیاتر بەدەستبهێنن.
3. کۆمپانیای (Eavor Technologies): سیستمێکی داخراو بەکاردەهێنێت کە وەک "رادێتەرێکی" گەورەی ژێرزەوی کاردەکات و شلەیەک لەنێو بۆریدا دەسوڕێنێتەوە بۆ گواستنەوەی گەرمی، بێ ئەوەی ئاو تێکەڵ بە بەردەکان بکرێت.
ئەنجام و داهاتوو
وزەی گەرمیی زەوی دەتوانێت ببێتە بەشێکی زۆر گرنگ لە وزە پاکەکانی جیهان. پسپۆڕان دەڵێن ئەگەر تەکنەلۆژیا نوێیەکان بەردەوام بن لە پێشکەوتن، ئەم وزەیە دەتوانێت چەندین جار زیاتر لە پێویستیی هەموو جیهان کارەبا دابین بکات.
بازاڕی ئەم وزەیە لە گەشەکردندایە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2030 بەهای بگاتە زیاتر لە 9 ملیار دۆلار.
ئەم راپۆرتە لە پێگەی Interesting Engineeringی ئەمریکی وەرگیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ