رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئۆنسە و مسقاڵیی زێڕ بەرزترین ئاستی مێژوویی نوێیان تۆمار کرد. نرخی مسقاڵێک زێڕ لە 20 رۆژی رابردوودا زیاتر لە 100 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
سەیوان عاسی، زێڕنگەر لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ سێشەممە نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 846 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 987 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە ملیۆنێک و 34 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە ملیۆنێک و 123 هەزار دینارە.
بەراورد بە دوێنێ سێشەممە، مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 لانیکەم 11 هەزار دینار، عەیار 21 لانیکەم 12 هەزار دینار، عەیار 22ش 14 هەزار و عەیار 24ـیش 11 هەزار دینار گران بوون.
بە گوتەی ئەو زێڕنگەرە، بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێڕە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 46 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4723 دۆلار، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە مێژوودا تۆمار کرابێت.
بە بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان، نرخی مسقاڵی زێڕیش بەرز دەبێتەوە و بە پێچەوانەوەشەوە لەگەڵی دادەبەزێت.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، دابەزینی نرخی دینار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێر و بەرزبوونەوەی نرخی دیناریش دایدەبەزێنێت.
لە دوێنێ دووشەممەوە کە بازاڕە داراییەکانی جیهان کراونەتەوە، هەر مسقاڵێک زێڕ نزیکەی 30 هەزار دینار گرانبوون؛ لە هەمان کاتەوە ئۆنسەیەک زێڕیش 120 دۆلار گرانبووە.
ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا لەسەر گرینلاند، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێرە لە جیهاندا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لە مانگی داهاتووەوە پێناسی گومرگی بەسەر هەشت وڵاتی ئەورووپی دەسەپێنێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دژایەتیی پلانەکەی دەکەن بۆ کڕینی گرینلاند.
لە بەرامبەردا وڵاتانی ئەورووپی تاوتوێی بژاردەکانی وەڵامدانەوەی ئەمریکا دەکەن و یەکێک لە بژاردەکان، زیادکردنی پێناسی گومرگییە لەسەر کاڵاکانی ئەمریکا.
سەرەتای ئەم ساڵ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 878 هەزار دینار بوو. بەم پێیە، لەو کاتەوە 102 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 398 دۆلار بەرزبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ