رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا جیهان چاوی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانییە لە داڤۆس، ئامارە نوێیەکان باس لە فراوانبوونی کەلێنی نێوان چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەکەن.
رێکخراوی ئۆکسفام کە لە بواری کەمکردنەوەی نایەکسانی و هەژاری لەسەر ئاستی جیهاندا کاردەکات، لە راپۆرتێکدا بە ناوی "بەرهەڵستیکردنی حوکمی دەوڵەمەندەکان؛ پاراستنی ئازادی لە دەسەڵاتی ملیاردێرەکان" دەڵێت، سامانی دەوڵەمەندەکانی جیهان بە خێراییەکی بێوێنە لە زیادبووندایە، لە بەرامبەریشدا هەژاری روو لە هەڵکشانە.
سفرەکان زیاد دەکەن
بەپێی نوێترین ئاماری رێکخراوەکە، لە جیهاندا 3 هەزار ملیاردێر هەن، کە کۆی سامانەکانیان گەیشتووەتە 18.3 تریلیۆن دۆلار.
تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا، سامانی ئەم ملیاردێرە کەمینەیە بە بڕی 2.5 ترلیۆن دۆلار زیادی کردووە. ئەم هەڵکشانە لە کاتێکدایە کە ژێرخانی ئابووریی زۆرینەی وڵاتان و بژێوی هاووڵاتییانی ئاسایی لە پاشەکشەدایە.
هێز و هەژموون
رێکخراوی "ئۆکسفام" لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، دەوڵەمەندەکان تەنیا خاوەنی پارە نین، بەڵکو خاوەنی بڕیاری سیاسیشن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، 50%ی دامەزراوە میدیاییەکانی جیهان لە ژێر کۆنترۆڵی ملیاردێرەکاندایە. هەروەها له کۆی 10 پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا، 9 پلاتفۆرمیان هی دەوڵەمەندەکانە.
رێکخراوەکە دەشڵێت، ئەگەری گەیشتنی ملیاردێرێک بە پۆستێکی سیاسی، 4 هەزار جار زیاترە وەک لە هاووڵاتییەکی ئاسایی.
مرۆڤ لە پشت شووشەکان رەق دەبێتەوە
لە دیمەنێکی سیمبۆلیدا کە گوزارشت لە دۆخی جیهانی ئەمڕۆ دەکات، لە لاپەڕە 24ـی راپۆرتەکە، مرۆڤێکی هەژار لە سەرمایەکی توونددا لەبەردەم دوکانێکی جلوبەرگ دەبینرێت، لە کاتێکدا "بووکەڵەیەکی نمایشکردنی جلوبەرگ" لە ناوەوەی دوکانەکە لە شوێنێکی گەرم، رووناک و پارێزراودایە.
شارەزایان دەڵێن ئەمە وێنەی راستیی جیهانە، کە تێیدا بایەخ بە "کاڵا و بتەکان" زیاتر دەدرێت وەک لە مرۆڤە زیندووەکان.

چارەسەر چییە؟
رێکخراوی ئۆکسفام پێشنیاری "سەپاندنی باج" بەسەر سامانی دەوڵەمەندەکاندا دەکات. ئامارەکان دەری دەخەن کە تەنیا ئەو بڕە پارەیەی لە ساڵی 2025دا وەک "قازانج" چووەتە سەر سامانی ملیاردێرەکان (2.5 تریلیۆن دۆلار)، دەتوانێت 250 جار کێشەی هەژاری لە هەموو جیهاندا چارەسەر بکات.
ئۆکسفام پێشنیاز دەکات باجێکی 5%ی بخرێتە سەر سامانی دەوڵەمەندەکان، تاوەکو ئەو داهاتە بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان، چاودێریی منداڵان و باشترکردنی کەرتی تەندروستی بەکاربهێندرێت، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو نادادییەی جیهانی گرتووەتەوە.
ئۆکسفام رێکخراوێکی خێرخوازی و قازانجنەویستە؛ لەگەڵ 21 رێکخراوی دیکەی نێودەوڵەتی کاردەکات وەک هاوبەش و لە زیاتر لە 90 وڵات چالاکە.
رێکخراوەکە لەکاتی شەڕ، کارەساتە سرووشتییەکان، وشکەساڵی و برسێتیدا هاوکاریی مرۆیی پێشکێشدەکات و کار لەسەر پڕۆژەکانی گەشەپێدانی درێژخایەن دەکات، وەک پەروەردە، تەندروستی و گوزەران.
بارەگای سەرەکیی رێکخراوەکە لە بەریتانیایە و لە 1942 دامەزراوە؛ بەردەوام داوای زیادکردنی باج لەسەر دەوڵەمەندەکان و یەکسانی دەکات.
راپۆرتەکە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس.
زیاتر لە 3 هەزار کەسایەتی سیاسی و شارەزای ئابووری ئەم هەفتەیە لە داڤۆس لە سویسرا لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان کۆمەڵێک بابەت تاوتوێ دەکەن، لە نێوانیاندا گەشەی ئابووریی جیهان، زیادبوونی درزی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان و کاریگەی ژیریی دەستکرد لەسەر هێزی کار.
میرێک دۆسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆڕبەندەکە دەڵێت، "گفتوگۆکان لە کاتێکی زۆر هەستیاردا بەڕیوەدەچن. جیۆپۆلەتیک گۆڕدراوە. هەندێ کەسی وەک من پێیانوایە لە قۆناخێکی گوزەرداین. کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە رکابەری و ناکۆکییەکان توندتر بوونەتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ