جەنگ دەستپێدەکاتەوە؟ گرژییەکانی هورمز دانوستاندنەکانی تاران و واشنتنی خستووەتە مەترسییەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئەحمەد تەڵعەت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پاکستان بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان لەنێوان ئەمریکا و ئێران، ئەوەش کەمتر لە 48 کاژێر پێش کۆتاییهاتنی ئەو ئاگربەستەی لەنێوانیاندا هەیە، هەرچەندە سەرهەڵدانەوەی ئاڵۆزییەکان لە دەوروبەری تەنگەی هورمز پرسیاری لەسەر بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە دروستکردووە.
 
شەوی رابردوو ئەمریکا کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی کردە ئامانج و دەستی بەسەردا گرت. واشنتن دەڵێت، ئەو کەشتییە ویستوویەتی گەمارۆی سەر بەندەرە ئێرانییەکان بشكێنێت. ئێران بەڵێنی وەڵامدانەوەی دا و میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە هاوتا پاکستانییەکەی گوتووە، هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەشتی و بەندەرە ئێرانییەکان "نیشانەی روونی" بێ متمانەیی واشنتنە پێش گفتوگۆ چاوەڕوانکراوەکان.
 
لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان و نزیکبوونەوەی کاتی کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە، پاکستان لە 24 کاژێری رابردوودا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ واشنتن و تاران چڕکردووەتەوە، بەو ئامانجەی گفتوگۆکان رۆژی سێشەممە 21-04-2026 وەکو پلانی بۆ دانراوە دەستپێبکەنەوە، ئەوەش بەپێی گوتەی دوو بەرپرسی پاکستانی بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، کە ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، شاندی ئەمریکا رۆژی دووشەممە 20-04-2026 بەرەو پایتەختی پاکستان بەڕێدەکەون، بەڵام ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە 20-04-2026 لە تاران بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "هیچ پلانێکمان بۆ خولی داهاتووی دانوستاندنەکان نییە و هیچ بڕیارێک لەو بارەوە نەدراوە."
 
رۆژی شەممە 18-04-2026 ئێران رایگەیاندبوو، پێشنیازی نوێی لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کردبوو، هێشتا بۆشایییەکی گەورە لەنێوان هەردوولادا ماوە. روون نییە ئایا هیچ کام لە لایەنەکان هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو پرسانە گۆڕیوە و بوونە هۆی شکستی گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکان یان نا، لەوانەش بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی ئێران و پرسی تەنگەی هورمز.
 
ئێران هاتووچۆی لە تەنگەی هورمز سنووردار کردووە، تەنگەکە کەنداو بە دەریاکان دەبەستێتەوە، ئەوەش کەمێک دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتدا هێرشیان کردە سەر ئێران و جەنگ دەستیپێکرد، ئەمریکاش گەمارۆی خستووەتە سەر کەشتی و بەندەرە ئێرانییەکان.
 
بە شێوەیەکی ئاسایی، نزیکەی 20%ی بازرگانیی نەوتی جیهان بەو تەنگەیەدا تێپەڕ دەبێت، لەگەڵ پێداویستییە گرنگەکانی وەکو پەین بۆ جووتیارانی جیهان، گازی سرووشتی و هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەو شوێنانەی پێویستییەکی زۆریان پێیەتی، وەکو ئەفغانستان و سوودان.
 
ئێران: تاوەکو ئێستا زیاتر لە 3000 کەس کوژراون
 
بەپێی ئامارێکی نوێ کە رۆژی دووشەممە 20-04-2026 لە میدیا فەرمییەکانی ئێران لە زاری عەباس مەسجدی، سەرۆکی رێکخراوی پزیشکی دادوەریی ئێران بڵاوکراوەتەوە، لە جەنگی 40 رۆژەی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لانیکەم 3،375 کەس لە ئێران کوژراون. ئەو بەرپرسەی ئێران کوژراوانی مەدەنی و سەربازیی بە جیا ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دەڵێت، 2،875 لە کوژراوان پیاو و 496ی دیکەشیان ژنن. هەروەها مەسجدی دەشڵێت، 383 لە کوژراوان منداڵ و مێرمنداڵی تەمەن 18 ساڵ و بچووکتر بوون.
 
جگە لە ئێران، زیاتر لە 2.290 کەس لە لوبنان، 23 کەس لە ئیسرائیل و زیاتر لە 12 کەس لە وڵاتانی عەرەبیی کەنداو کوژراون، 15 سەربازی ئیسرائیلی لە لوبنان و 13 سەربازی ئەمریکیش لە ناوچەکەدا کوژراون.
 
لە هەرێمی کوردستانیش، سەرەڕای ئەوەی بەشێک نییە لە ململانێکان، بەڵام لە ماوەی جەنگەکەدا 21 کەس شەهید بوون، 17 کەس لە جەنگی 40 رۆژەدا، 4 کەسیش لە ماوەی 12 رۆژی ئاگربەستدا.
 
نرخی نەوت دووبارە بەرزبووەوە
 
کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی زۆری نرخی نەوت و سەرهەڵدانی یەکێک لە خراپترین قەیرانەکانی وزە لە جیهاندا لە چەند دەیەی رابردوودا.
 
دوای راگەیاندنی ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەکە و جێگیربوونی ئاگربەستێکی 10 رۆژە لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، نرخی نەوت کەمێک دابەزی.
 
بەڵام دواتر ترەمپ گوتی، گەمارۆی ئەمریکا "بە تەواوی هێزی خۆیەوە دەمێنێتەوە" تاوەکو تاران لەگەڵ ئەمریکا دەگاتە رێککەوتن، رۆژی یەکشەممە 19-04-2026 فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییە بارهەڵگرە ئێرانییەکەدا گرت، ئەوەش یەکەم دەستبەسەرداگرتنە لە دوای دەستپێکردنی گەمارۆکە لە هەفتەی رابردوودا.
 
فەرماندەیی هاوبەشی سەربازیی ئێران ئەو کارەی بە "چەتەیی دەریایی" و پێشێلکردنی ئاگربەست ناوبرد و بەڵێنی دا، دووبارە ئەو سنووردارکردنانە جێبەجێ بکاتەوە کە لە سەرەتای جەنگدا سەپاندبوونی. هەر رۆژی شەممە 18-04-2026 ئێران تەقەی لەو کەشتیانە کرد کە ویستبوویان بە تەنگەکەدا تێپەڕبن.
 
نرخی نەوت لە سەرەتای مامەڵەکانی رۆژی دووشەممە 20-04-2026 دووبارە بەرزبووەوە، بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە نزیکەی 95 دۆلار، ئەوەش بە رێژەی 30% زیاترە بەراورد بە نرخی پێش جەنگ.
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 20-04-2026 ئێران هۆشداریی دا، دەکرێت ئاڵۆزییە ئابوورییەکانی جیهان بەردەوام بن، چونکە کەشتییەکان ناتوانن بە تەنگەکەدا تێپەڕن و سەتان کەشتی لە هەردوو سەرەوە چاوەڕێی رێگەپێدان دەکەن.
 
محەممەد رەزا عارف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) داوای کۆتاییهێنان بە گوشارە سەربازی و ئابوورییەکانی سەر تارانی کرد و نووسیویەتی، "پاراستنی ئاسایشی تەنگەکە بێ بەرامبەر نییە و بژارەکە روونە: یان بازاڕێکی ئازادی نەوت بۆ هەمووان، یان مەترسیی تێچووی زۆر بۆ هەموو لایەک."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە