ئابووری
سوڵتان جابر، وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئیمارات و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (ئەدنۆک)
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئیمارات هۆشداریی تووند دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رایدەگەیێنێت، بەردەوامیی داخستنی تەنگەی هورمز ئابووریی جیهان دەخاتە لێواری کارەسات و "ئابووریی جیهان چیدی بەرگەی نادڵنیایی زیاتر ناگرێت."
رۆژی دووشەممە 20ی نیسانی 2026، سوڵتان جابر، وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئیمارات و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (ئەدنۆک)، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیشکی خستە سەر ئەو زیانە گەورانەی لە ماوەی 50 رۆژی داخستنی گەرووەکەدا بەر کەرتی وزە کەوتوون.
وەزیرە ئیماراتییەکە گوتی، "رێگری لە گەیشتنی نزیکەی 600 ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان کراوە، گوشارێکی زۆر لەسەر دابینکردنی گازی سروشتیی شل (LNG) دروستبووە، کورتهێنان لە سووتەمەنی فڕۆکە، پەین و ئەو مادە خاوە سەرەکییانە دروستبووە کە جیهان پێویستیانە."
سوڵتان جابر هۆشداریی دا لەوەی پشێوییەکانی ئەم رێڕەوە ئاوییە تەنیا کاریگەریی لەسەر حکومەتەکان نابێت، بەڵکو دەگاتە ناو ماڵی هاووڵاتییان و گوتی، "هەر بەرمیلێک نەوت کە ون دەبێت، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پسوولەی پارەدان و تێچووی ژیان بۆ خەڵکی ئاسایی لە هەموو شوێنێکی جیهان."
سوڵتان جابر بە تووندی رەخنەی لە بەکارهێنانی تەنگەی هورمز گرت وەک ئامرازێکی سیاسی و گوتی، "ناکرێت تەنگەی هورمز وەک ئامرازێک بۆ هەڕەشە بەکاربهێنرێت. ئەمە رێڕەوێکی ئاویی جیهانییە و دەبێت بۆ هەمووان بگەڕێتەوە وەک ئەوەی پێشتر هەبووە."
وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئیمارات داوای کرد راستییەکان وەک خۆیان باس بکرێن و وەرگرتنی هەر جۆرە باج و پارەیەک لە کەشتییەکان لە بەرامبەر تێپەڕبوونیان بە "سەرانەوەرگرتن" و "سووکایەتی" ناوهێنا کە نابێت قبووڵ بکرێت.
تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، کە رۆژانە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی بەکاربراوی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت. لە رۆژی 1ی ئادارەوە لەلایەن ئێرانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ