رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، ئەگەر هیچ رووداوێکی لەناکاو روونەدات، بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ ئەگەرێکی زەحمەتە.
د. محەممەد ئەمین کە بە د. ترەیدەر ناسراوە رایگەیاند، رەفتاری بازاڕەکان گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە. ئەو دەڵێت، لە رابردوودا، پسپۆڕان سەرنجیان لەسەر رەفتاری کۆمپانیا گەورەکان و بڕی پارەی لەبەردەستیان بوو بۆ پێشبینیکردنی ئاراستەی بازاڕی زێڕ، بەڵام دوای قەیرانە داراییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئاسایی هاتنە ناو بازاڕەوە، کە ئەمەش وایکرد شیكردنەوەی رەفتاری بازاڕ ئاڵۆزتر بێت، چونکە "خەڵک بەردەوام دەیانکڕی، وای لێهاتبوو نەماندەتوانی شرۆڤەی رەفتاری خەڵک بکەین، چونکە بەردەوام زێڕیان دەکڕی."
د. ترەیدەر ئاماژەی بە هەندێک نیشانەی ئەرێنی دا کە ئومێدێکیان بە بازاڕەکان بەخشیوە: "بەو ئاماژەیەی کە ترەمپ دای لەسەر قسەکردن لەگەڵ چین و هەندێک بابەت لەسەر گفتوگۆکردنی دووبارەی رووسیا و ئۆکراینا بۆ راگرتنی شەڕ، دەبینین بازاڕ زۆر زۆر ئومێدەوارە بۆ ئاساییبوونەوەی گرژییەکان. بۆیە ئێستا دەتوانین بەرچاوڕوونییەکی زیاترمان هەبێت بۆی کە بزانین لە ئایندەیەکی نزیکتر چی روودەدات."
سەبارەت بە نرخی زێڕ، د. محەممەد ئەمین پێیوایە ئەو ترسەی لە نێو بازاڕدا دروست بوو کە "زێڕ خەریکە تەواو دەبێت ئەگەر نەیکڕیت"، کاریگەرییەکی زۆری هەبوو.
قسەکانی د. ترەیدەر ئەمڕۆ دووشەممە لە بڕگەی "شەتڕەنج لەگەڵ د. ترەیدەر" لە کاتی پێشکێشکردنی بووڵتەنی ئابووریی لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح بوو
پێشبینییەکانی نرخی زێڕ؛ دابەزینێکی چاوەڕوانکراو؟
ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی کرانەوەی بازاڕە داراییەکانی جیهان، ئۆنسەیەک زێڕ 16 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4264 دۆلار، بەڵام دواتر بۆ 4227 دۆلار دابەزی. دواتر گەیشتەوە نزیکەی 4260.
د. ترەیدەر پێشبینی دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ دەکات، بەتایبەت ئەگەر هیچ هەواڵێکی لەناکاو روونەدات.
ئەو پسپۆڕە دەڵێت، "چاوەڕوان دەکەین نرخی زێڕ [بۆ هەر ئۆنسەیەک] بێتە خوار 4200 دۆلار." جەختی لەوە کردەوە کڕیارە بەهێزەکان لە نرخە بەرزەکاندا بازاڕیان چۆڵ کردووە و چاوەڕێی دابەزینی زیاترن بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێنەوە، بۆیە "زۆر زۆر ئاساییە 200 بۆ 300 دۆلاریش لە نرخەکەی [4250 دۆلار] بێتە خوارەوە."
د. محەممەد ئەمین دەڵێت، قسەی لەگەڵ چەندین ئابووریناسی جیهانی کردووە و ئەوان پێیانوایە بازاڕ خەریکە "سیستمێکی نوێی ئابووری دروست بکاتەوە کە پەیوەست نەبێت بە زێڕ و دەیانەوێت شتێکی نوێ بێننە ئاراوە." ئەمەش بە رێککەوتنی ئەمریکا و چین دەکرێت و دەبێت چاوەڕێی ئەنجامەکانی بن.
کاریگەری قەرزەکانی ئەمریکا و دانوستانەکانی چین
لەبارەی قەرزەکانی ئەمریکا، د. ترەیدەر گوتی: "ئەمریکا هەمیشە قەرزەکانی زۆر بووە." بەڵام ئەگەر ئەمریکا و چین رێکبکەون، دەرفەتێک بۆ وڵاتان دروست دەبێتەوە کە قەواڵە داراییەکانی قەرزەکانی ئەمریکا بکڕنەوە، کە ئەمەش هەواڵێکی باش دەبێت بۆ بازاڕەکان.
د. محەممەد ئەمین پێیوایە چین لە کڕینی زێڕدا وەک کارتێکی گوشار بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا سوودی وەرگرتووە.
پێشبینیی نرخی زێڕ
لەبارەی ئاراستەی داهاتووی نرخی زێڕ زێڕ، د. محەممەد ئەمین ئاماژەی بەوەدا، "پێشتر بازاڕ بەرزبوونەوەیەکی کردووە و چەند جارێک هەوڵی داوە کە بچێتە سەرووتر [لەو نرخەی ئێستا]، بەڵام نەیتوانیوە، بەرزترین نرخ 4381 دۆلار بوو، کە هەفتەی رابردوو تۆمارکرا."
ئەو پێیوایە ئەگەر ئێستا زێڕ بیەوێت ئەو نرخەش تێپەڕێنێت، "دەبێت بێتە خوار 4200 دۆلار بۆ ئەوەی کە بتوانێت دووبارە بچێتەوە زیاتر لەو نرخە".
د. ترەیدەر پێشبینی دەکات خاڵی یەکەمی کڕینی زێڕ لە دەوروبەری 4141 دۆلار بێت و بۆ کڕینە درێژخایەنەکانیش چاوەڕێی نرخی خوار 4100 دۆلار دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، پلەی یەکەمی فرۆشتن لە سەرەوەی 4343 دۆلارە. بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە گەیشتن بەو نرخە لەمڕۆدا قورسە.
د. محەممەد ئەمین هۆشداری دایە وەبەرهێنەران کە "دەبێت زۆر زۆر وریا بن؛ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت مامەڵە بکەن، هەست نەکەن کە بەجێماون لە هەموو نرخێکدا بکڕن یان بفرۆشن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ