هەناردەی نەوت لە بەسرەوە راگیراوە؟ کۆمپانیایەک رەتیدەکاتەوە و داتاکانی سۆمۆ شتێکی دیکە دەڵێن

21-06-2025
مالیک محەممەد
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دوو رۆژی رابردوودا دەنگۆیەک بڵاوکرایەوە، گوایە بەهۆی ئاڵۆزیی ناوچەکە و جەنگی ئیسرائیل و ئێران، هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرەوە بۆ ماوەی 9 رۆژ راگیراوە. کۆمپانیای نەوتی بەسرەش رەتیدەکاتەوە.
 
کۆمپانیای نەوتی بەسرە رایدەگەیێنێت، "ئەو جۆرە هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و هەناردەکردنی نەوت لە بەندەرەکانەوە بە شێوەیەکی ئاسایی و بەگوێرەی پێوەرەکانی ئۆپێک بەردەوامن."
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوایین ئامارى کۆمپانیاى سۆمۆ دەریخستووە؛ لە هەفتەى رابردوودا تەنیا سێ رۆژ نەوت هەناردە کراوە کە رۆژانى 16 و 17 و 18ى حوزەیران بوون.
 
16ى حوزەیران 5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، 17ى حوزەیران دوو ملیۆن و 950 هەزار بەرمیل و 18ى حوزەیران چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراوە، کە هەمووی 11 ملیۆن و 950 هەزار بەرمیل نەوت دەکات.
 
بەگوێرەى رێککەوتنى عێراق و ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەى بڕى بەرهەمهێنانى نەوت، دەبێت رۆژانە 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات، لە کاتێکدا بەگوێرەى یاسای بودجە پێویستە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت، بۆئەوەى پارەى بودجە دابین بکات.
 
ئامارى سۆمۆ ئەوەى دەرخستووە کە بەر لە دەستپێکردنى جەنگەکە لە سەرەتاى مانگى حوزەیران، 5 رۆژ هەناردەى نەوتى عێراق تۆمار کراوە کە 19 ملیۆن و 850 هەزار بەرمیل نەوتى لە رێگەى بەندەرەکانى بەسرەوە هەناردە کردووە. بەو پێیە، 9 رۆژ هەناردەی نەوتی بەسرە وەستاوە و دواتر دەستیپێکردووەتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە