تورکیا داوا لە عێراق دەکات رێککەوتنێکی نوێ لەسەر بۆرییە نەوتەکە بکەن

21-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە تورکیا رایگەیاندووە دەیەوێت رێککەوتنێکی نوێ لەسەر بۆریی نەوت لەگەڵ عێراق بکات، بەرپرسێکی باڵای ئەنقەرە و بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوتووە، ئەنقەرە هێشتاش دەیەوێت بۆرییەکە بەکاربخاتەوە. 
 
تاوەکو ساڵی 2023، رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهانەوە دەگوێزرایەوە، بەڵام لە ئاداری ئەو ساڵە، دادگەی نێوبژیوانیی پاریس بڕیاری دا کە دەبێت تورکیا 1.5 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بە عێراق بداتەوە، لە بەرامبەر ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستان کە لە نێوان 2014 و 2018 بێ رەزامەندیی بەغدا فرۆشتوویەتی. لەو کاتەوە هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆرییەکەوە راگیراوە.
 
عێراق تائێستا هیچ هەڵوێستێکی فەرمیی لەسەر بڕیارەکە نەبووە. 
 
عێراق و تورکیا چەندین گەڕی گفتوگۆ و سەردانیان بۆ وەگەڕخستنەوەی بۆرییەکە هەبووە. 
 
ئەنقەرە لە کۆتایی ساڵی 2023 گوتی، لە دیوی ئەوانەوە، بۆرییەکە ئامادەیە نەوتی عێراق وەربگرێت. بەڵام بەغدا، هەولێر و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت تائێستا نەیانتوانیوە لەنێوان خۆیاندا لەسەر هەناردەکردنەوە رێکبکەون. 
 
بەرپرسەکەی تورکیا بە رۆیتەرزی رایگەیاندووە، ئەو بۆرییە نەوتە دەتوانێت ببێتە "بۆرییەکی زۆر چالاک و ستراتیژی بۆ ناوچەکە."
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، تورکیا پارەیەکی زۆری لە نۆژەنکردنەوەیدا خەرجکردووە و گرنگی بۆ پڕۆژەی "رێگەی گەشە" هەیە کە عێراق لە رێگەی تورکیاوە بە بازاڕی ئەوروپییەوە دەبەستێتەوە. 
 
بەرپرسەکە دەڵێت: "دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ و زیندوو بۆ بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا خزمەت بە هەردوو وڵات و تەواوی ناوچەکە دەکات،" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە پێیان باشترە رێککەوتنێکی نوێ هەبێت، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەخستووەتە روو لەسەر ئەوەی کە تورکیا دەیەوێت رێککەوتنەکە بە چ شێوەیەک بێت. 
 
ئەمەی خوارەوە پوختەی نێوەڕۆکی رێککەوتننامەی ساڵی 1973ی عێراق و تورکیایە لەسەر بۆرییە نەوتەکە:
 
خاوەندارێتی و کارپێکردنی بۆرییەکە:
 
- هەر وڵاتێک ئەو بەشەی بۆرییەکە کە بەنێو خاکەکەیدا دەڕوات، بەڕێوەدەبات، چاکیدەکاتەوە و خەرجیی دارایی لە ئەستۆ دەگرێت. 
- نەوتەکە دەگەیێنرێتە بەندەری جەیهان و لەوێوە لە کەشتییەکان بار دەکرێت. 
 
پارێزبەندی یاسایی بۆ نەوتی عێراق:
 
- نەوتی عێراق کە بەنێو تورکیادا دەڕوات، دەبێت لە هەر رێکارێکی یاسایی بپارێزرێت، بۆ نموونە، نابێت دەستی بەسەردا بگیرێت یان لەبری قەرز ببردرێت، مەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیار بدەن. 
 
- بەڵام ئەگەر لەبەر ئەم پارێزبەندییە، تورکیا ناچار بکرێت لە بری عێراق، پارە بە لایەنێکی سێیەم بدات، ئەوا دەبێت عێراق تورکیا قەرەبوو بکاتەوە. 
 
بڕی نەوت و گەرەنتییەکان:
 
- عێراق بەڵێن دەدات هەموو ساڵێک بڕێکی دیاریکراو یان زیاتری نەوت بنێرێت. بۆ نموونە، لە ساڵی 2010دا 22 ملیۆن تۆن؛ لە ساڵی 2013 و دواتر 35 ملیۆن تۆن لە هەر ساڵێکدا. 
 
- تەنانەت ئەگەر عێراق کەمتر لە بڕیاری دیاریکراو نەوت بنێرێت، دەبێت هەر پارەی گواستنەوەی هەموو ئەو بڕە بدات کە پێشوەخت رێککەوتنی لەسەر کراوە، مەگەر لەبەر دۆخێکی لەناکاو بێت. 
 
پێناسی گومرگی (لە بەرامبەر بەکارهێنانی بۆرییەکە):
 
- بە گوێرەی بڕی نەوتی گوێزراوە، عێراق پارە بە تورکیا دەدات. 
- چەند نەوتی زیاتر بنێردرێت، نرخی گواستنەوەی هەر بەرمیلێک کەمتر دەبێتەوە (لە نێوان 1.18 دۆلار و 0.90 دۆلار)
- هەر پێنج ساڵ جارێک، دەستکاری هەقی گواستنەوە دەکرێت، لەسەر بنەمای رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا، چونکە بەهای دۆلار لەگەڵ هەڵاوسان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. 
 
تێچووە زیادەکان:
 
- ئەو پارەیەی عێراق لە بەرامبەر گواستنەوەی نەوت بە تورکیای دەدات، هەموو تێچوویەکی پەیوەندیدار بە گواستنەوە دەگرێتەوە، لە نێویاندا، مووچەی کارمەندانی بۆرییەکە، پارەی چاککردنەوە و باج. 
 
- بەڵام ئەم پارەیە خزمەتگوزاری کەشتییەکان ناگرێتەوە؛ واتە پارەی بارکردن و داگرتنی لە کەشتییەکان بە جیا دەدرێت. 
 
- ئەگەر لە بەندەری جەیهان ئاو لە نەوت جیابکرێتەوە، عێراق پارەی زیادە دەدات. 
 
لەدەستدانی نەوت:
 
- ئەگەر لە 0.05٪ زیاتری نەوت لێبچێت (لەکاتی گواستنەوە لەدەست بچێت) ئەوا دەبێت تورکیا قەرەبوو بە عێراق بدات. 
 
خاوەندارێتیی نەوتی کۆگاکراو:
 
- ئەو نەوتەی لەنێو بۆرییەکەدا دەمێنێتەوە، لە هەندێ بەش، موڵکی تورکیا و لە هەندێ بەشی دیکە، موڵکی عێراقە. 
 
- کە رێککەوتنەکە کۆتایی هات، تورکیا پارەی ئەو نەوتە بە عێراق دەداتەوە کە لە بنی بۆرییەکە یان کۆگاکاندا ماوە. 
 
نووسینگەی عێراق لە تورکیا:
 
- عێراق نووسینگەیەکی لە بەندەری جەیهان دەبێت
- تورکیا لە باجەکانی نووسینگەکە خۆش دەبێت و یارمەتیی ستافەکەی دەدات ڤیزە بەدەست بێنن و لەوێ بژین. 
 
باری لەناکاو و کارەساتی سرووشتی:
 
- ئەگەر رووداوێکی نەخوازراو روویدا، وەک جەنگ یان کارەساتی سرووشتی، هەردوو وڵات بەرپرسیارێتیی خۆیان دەوەستێنن. 
- پێویستە هەر یەکیان دەستبەجێ ئەوەی دیکە ئاگادار بکاتەوە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە بدات. 
 
ناکۆکییەکان:
 
- ناکۆکییەکان سەرەتا بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن
- ئەگەر تاوەکو 4 مانگ چارەسەر نەکران، ناکۆکییەکە دەبردرێتە دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس و بەپێی یاسای فەرەنسی یەکلایی دەکرێتەوە. 
 
ماوەی رێککەوتنەکە

 

- رێککەوتنەکە بۆ 15 ساڵە و دەکرێت بە شێوەیەکی خۆکارانە بۆ 5 ساڵی دیکە درێژبکرێتەوە، ئەگەر هیچ لایەنێک لاری نەبوو. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە