رووداو - هەولێر
بەپێچەوانەی زۆربەی کۆمپانیاکانی جیهان کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، قازانجیان یەکسان بووە بە سفر، داهاتی کۆمپانیای نێتفلێکس بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
کۆمپانیای نێتفلێکسی ئەمریکی رایگەیاند، قازانجەکانی لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا دوو هێندە زیادی کردووە، لەبەرەوەی ژمارەی ئەوانەی بەشداری لە بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانیدا دەکەن، زۆر زیادیانکردووە، چونکە زۆربەی خەڵکی بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە ناتوانن لە ماڵەکانیان بچنە دەرەوە و زۆربەی کاتەکانیان بە تەماشاکردنی فیلم و بەرهەمە تەلەڤزیۆنییەکان بەسەردەبەن.
لە 3 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نێتفلێکس 709 ملیۆن دۆلاری قازانجکردووە لە کاتێکدا کە ژمارەی بەکارهێنەرانی (سەبسکرایبەکان)ی 15 میۆن و 700 هەزار کەس زیادیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 183 ملیۆن کەس.
نێتفلێکس بە وەبەرهێنەرەکانی راگەیاندووە کە کاریگەریی بێکاربوونی بەشداریکارەکانی لە داهاتووی دووردا، داهاتی کۆمپانیاکە دەخاتە بەردەم ئایندەیەکی نادیار. هەروەها ئاماژەشی بەوە کردووە کە لە ماوەی 20 ساڵی رابردووی ئەزموونیان، ئەوان هیچ کات رووبەڕووی ئایندەیەکی نادیاری لەم شێوەیە نەبوونەتەوە.
کۆمپانیای نێتفلێکس لە ساڵی 1997 دامەزراوە، بنکەی سەرەکی کۆمپانیاکە لە ویلایەتی کالیفۆڕنیایە. ساڵی رابردوو داهاتی کۆمپانیاکە 20 ملیار و 160 ملیۆن دۆلار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ