لێدوانی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی مووچە و هۆکاری پاشەکەوتکردنی

22-05-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران رایدەگەیێنێت، دەستووری عێراق رێگە بە هەرێمی کوردستان دەدات نەوت و گازی خۆی پەرەپێبدات و دەشڵێت، "بەگوێرەی دەستوور نەوت و گاز بە تەنیا لە دەسەڵاتی بەغدا نییە." دەشڵێت، لە 2014 تاوەکو 2023 بەغدا "هیچ بەشە بودجەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە."

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "ساڵی 2014 تاوەکو 2023 هیچ بەشە بودجەیەک لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، بۆیە پەنامان بردە بەر هەناردەی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ و دواتریش رێککەوتن کرا بۆئەوەی لەڕێگەی سۆمۆوە نەوت بفرۆشین و داهات بگەڕێتەوە بۆ بەغدا."

لەبارەی هۆکاری پاشەکەوتی مووچەش لە ساڵانی رابردوودا، ئامانج رەحیم گوتی، "2015 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق بەڵێنەکانی نەبردە سەر و بودجە بەشی مووچەی نەکرد، بۆیە ناچار بووین پاشەکەوت بە رێژەی جیاواز بکەین."

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران گوتیشی، "کۆمپانیا ئەمریکییەکان رۆڵی گەورە لە پەرەپێدانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەبینن." دەشڵێت، "عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و ناچاربووین راستەوخۆ نەوت بفرۆشین."

بەهۆی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، زیانی زیاتر لە 23 ملیار دۆلار بەر هەرێمی کوردستان و عێراق کەوتووە. ئامانج رەحیم دەڵێت، "کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت داوای گەرەنتیی شایستەکانیان دەکەن." باسی لەوەش کردووە، ناکۆکی لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە.

بە گوتەی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، هەرێمی کوردستان نەوت لە نێوخۆ دەفرۆشێت و بەکاردێت.
 
لەبارەی کۆبوونەوەکانیان لە ئەمریکا؛ ئامانج رەحیم قسەی بۆ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن کرد و گوتی، کۆبوونەوەکانیان بۆ جەختکردنەوە بووە لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هەرێمێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا.
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەی سەرەکیی وزە و مووچە لەگەڵ بەغدا دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاسایەکی فیدراڵیی نەوت و گاز، کە حکومەتی فیدراڵی بەرپرسیارە لێی.
 
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستانیش، ئامانج رەحیم ئەوەی خستەڕوو، چوارچێوەیەکی ستراتیژی لەنێوان یەکێتی و پارتی دانراوە و گفتوگۆ لەسەر پۆستەکان بەردەوامە، بە ئامانجی پێکهێنانی کابینەی نوێ پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە