رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتیەکانی تورکیا دەڵێت، پرۆسەی بەستنەوەی هێڵی گواستنەوەی گازی سرووشتی لە کلیسەوە بۆ حەلەب تەواو بووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "لە مانگی حوزەیراندا دەست بە هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ سووریا دەکەین."
22ـی ئایاری 2025، ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتیەکانی تورکیا و شاندی وەزارەتەکەی چوونە دیمەشق و لەگەڵ محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا کۆبوونەوە. شاندی هەردوولا زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لە پێناو گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی وزە ئەنجام دا.
ئەمڕۆ هەینی، 23ـی ئایار، ئاڵپئارسلان بایراکتار لە دیمەشقەوە بۆ ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەی دوا و گوتی، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024ـەوە هەوڵی زۆریان داوە بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی تورکیا- سووریا لە بواری وزەدا.
ئاڵپئارسلان بایراکتار ئاماژەی بەوە کرد، چەند جارێک تیمی تەکنیکییان ناردووەتە سووریا و کار لەسەر دیاریکردنی پێداویستییەکانی ژێرخانی بواری وزە، پرۆژە کورتخایەن، مامناوەند و درێژخایەنەکانی پەیوەست بە بوارەکە کراوە.
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا گوتی: "لە رۆژی 21ـی ئایارەوە بەستنەوەی هێڵی گواستنەوەی گازی سرووشتی لە کلیسەوە بۆ حەلەب تەواو بووە. تاقیکردنەوە و دانانی هەندێک ئامێر بەردەوامە. پشتیوان بە خودا، لە مانگی حوزەیراندا دەست بە هەناردەکردنی گازی سرووشتی دەکەین".
ئەو وەزیرەی تورکیا باسی لەوەش کرد، یەکێک لە کارە سەرەکییەکانیان زیادکردنی هەناردەی کارەبایە بۆ باکووری سووریا و ئامانجیانە قەبارەی هەناردەکردنی کارەبا بۆ باکووری سووریا و لەوێشەوە بۆ حەلەب زیاد بکەن و گوتی: "لە چەند مانگی داهاتوودا توانای پێدانی کارەبا سێ بەرامبەری ئێستا دەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ