رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 3 هەزار و 790 دۆلاری تێپەڕاند و نرخی مسقاڵی عەیار 21 گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو و بە 760 هەزار دینارە.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 لە هەرێمی کوردستان بە 796 هەزار دینارە و مسقاڵی عەیار 18 بە 652 هەزارە".
جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر گوتی، ئەو نرخەی زێڕ لە بازاڕەکاندا بەرزترین نرخە لە مێژووی مامەڵەکردن بە زێڕ.
لە دوێنێوە بەهای دینار بەرزبووەتەوە و ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 140 هەزار و 500 دینارە، ئەمەش هۆکار بووە نرخی زێڕ بەرزتر نەبێتەوە و ئەو بەرزبوونەوەیەی هەیبووە رێژەیی بێت.
هۆکاری بەرزبوونەوەی مێژوویی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بازرگانان و وەبەرهێنەران چاوەڕێی کەمکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لە ئەمریکا دەکەن.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا گوتارێک پێشکەش بکات و پێشبینی دەکرێت کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دروستبکات.
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئواندا) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "لە ماوەی کورتخایەندا ئاراستەی نرخی زێڕ هێشتا بەرەو بەرزبوونەوەیە، بەڵام بە درێژایی رۆژ، ئەگەری پاشەکەشەی کاتی نرخی زێڕ هەیە."
وۆنگ دەڵێت، "هێڵی بەرگریی بەهێز بۆ نرخی زێڕ 3710 دۆلار و 3690 دۆلارە و پێشبینی دەکرێت نرخی زێڕ بتوانێت بەرگری لەو ئاستانە بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ