رووداو دیجیتاڵ
نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی لە هەولێر زیاتر لە 10 هەزار دینار دابەزی و لە سلێمانی جێگیرە.
سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە 24-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە کۆ نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 142 هەزار دینار دابەزیوە."
بە گوتەی سەرباز کەریم، هەفتەی رابردوو بە کۆ نرخی بەرمیلێک نەوت بە 155 هەزار دینار فرۆشراوە.
هەر بەرمیلێک نەوت بە تێچووی نزیکەی 10 هەزار دینار کرێی گەیاندنەوە دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان.
گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر گوتیشی، "هۆکاری دابەزینی نرخەکە ئەوەیە ئەم ساڵ کارەبا باشە و لە ناوچە شاخاوییەکانیش حکومەت نەوتی دابەشکردووە؛ بۆیە خواست کەمە لەسەری."
کامەران محەممەد، فرۆشیاری نەوتە لە شاری سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی نەوت ماوەیەکە جێگیرە و بەرمیلی لەنێوان 165 بۆ 170 هەزار دینار دەگەیێندرێتە دەستی هاونیشتمانییان."
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کورستان، لە دەستپێکی ئەم وەرزەی سەرماوە تاوەکو 04-01-2026 نزیکەی 135 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر نزیکەی 674 هەزار و 500 خێزان لە ناوچەی شاخاوییەکان و ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ