فەرمانبەرانی سێ وەزارەت لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە مووچە وەردەگرن

24-07-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی مووچەی مانگی ئایاری بڵاوکردەوە و سبەی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. تیمی 'هەژماری من' دەڵێت، "زیاتر لە هەشت هەزار خانەنشین و فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی تەندروستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا، لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە پێش وادەی خۆیان دەتوانن مووچە وەربگرن".
 
رۆژی پێنجشەممە، 24-07-2025، تیمی (هەژماری من) رایگەیاند: "لەگەڵ هاتنی مووچەی مانگی ئایار، ئەمڕۆ بەشێک لە سوودمەندانی وەزارەتەکانی تەندروستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی خرایە سەر هەژمارەکانیان".
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "فەرمانبەرانی هەرسێ وەزارەتی تەندروستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا کە ناویان لە پڕۆژەی (هەژماری من) تۆمار کردووە و کارتی بانکییان هەیە، ئەگەر ئەمڕۆ و سبەینێش ناویان لە لیستی مووچەدا نەبێت، دەتوانن مووچە وەربگرن".
 
سەرچاوەکە گوتی: "دوای ئەوەی پارەکە دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان، فەرمانبەران نامەی ئاگادارکردنەوەیان پێدەگات، ئەو کاتە دەتوانن بچن مووچەکانیان وەربگرن".
 
بەپێی ئەو لیستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەمڕۆ بڵاوی کردووەتەوە، سبەی مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی شارستانی، خاوەن پێداویستیی تایبەت، زیندانییانی سیاسی، بەرکەوتووانی کیمیاباران و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دابەش دەکرێت.
 
بە گوێرەی لیستی مووچە، ئەو فەرمانبەرانەی ئەو سێ وەزارەتە کە (هەژماری من)ـیان نییە، سبەی مووچە وەرناگرن. فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی رۆژی شەممە و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵاش رۆژی یەکشەممە مووچەکانیان وەردەگرن.
 
رۆژی 22ـی تەممووز، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاتێک مووچەی مانگی ئایار خەرج کرا، ئەوا مووچەی مانگەکانی داهاتووش (حوزەیران و تەممووز) خەرج دەکرێت".
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رۆژی 22ـی تەممووز رایگەیاند، 120 ملیار دیناری لە داهاتی نانەوتی خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.
 
نزیکەی سێ مانگە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچە و شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە؛ دوایین جار رۆژی 13ـی ئایاری 2025 لیستی مووچەی مانگی نیسان بڵاوکرایەوە

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە