رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆ بفرۆشرێت، پێویستە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، نەک بە تەنیا مووچە. لەبارەی داهاتی نانەوتیش رایگەیاند هێشتا رێککەوتن نەکراوە.
لە کۆبوونەوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، "پێشهاتێکی ئەرێنی" بەدەستهاتوون کە هیواکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەوت و مووچە زیاتر دەکات. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی کە ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکان "زۆر باش بوون و پێشبینی باشی لێدەکرێت."
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو دا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: "ئەم پێشکەوتنە لەسەر بنەمای رێککەوتنی 17ی تەممووزی ئەم ساڵ هات کە تێیدا رەزامەندی درا لەسەر پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بەو دوو بڕگە داراییەی لەسەریەتی بەپێی یاسای بودجە و ئیدارەی دارایی، لە بەرامبەردا بەغداش مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات."
د. نەرمین مەعرووف، جەختی کردەوە کە "گەورەترین" ئاستەنگ پرسی فرۆشتنی نەوت و رادەستکردنی بوو بە کۆمپانیای سۆمۆ. گوتی: "گفتوگۆکانی ماوەی رابردوو چڕکرابووەوە لەسەر ئەوەی چۆن ئەم مەرجە جێبەجێ بکرێت، بەتایبەتی کە پرسی نەوت تەنیا لە دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان یان بەغدا نییە". ئەم چەقبەستووییە بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ شکێنرا کە رەزامەندی درا لەسەر پێدانی نەوت بە کۆمپانیاکان لە بەرامبەر شایستە داراییەکانیان.
ئێستا هەرێمی کوردستان ئامادەیی نیشانداوە کە دوای تەرخانکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ پێداویستی ناوخۆ، ئەوی تری رادەستی سۆمۆ بکات. د. نەرمین مەعرووف گوتی: "ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاری داوە کە مووچەی مانگی حەوتی هەرێمی کوردستان بنێرێت."
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راگەیێندراوێکی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، "تەواوی پابەندییەکانی خۆیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت جێبەجێکردووە، تەنیا یەک کۆمپانیای بیانی ماوە رێککەوتنە سێقۆڵییەکە واژۆ بکات."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی وەک دڵنیاییەک بۆ داهاتوو، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم رێککەوتنە "دەبێتە گەرەنتییەک بۆ ئەوەی مووچەی مانگەکانی داهاتووش بنێردرێت، نەک تەنیا مووچە، بەڵکو ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوتەکەی لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشێت، پێویستە شایستە داراییەکانی تریشی وەربگرێت."
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری 2023ـەوە راگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەی نێوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی (ICC) لە پاریس، بڕیاریدا کە تورکیا بە بڕی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبووی عێراق بکاتەوە بەهۆی رێگەدان بە هەناردەی "نایاسایی" نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندیی بەغدا.
سەبارەت بە داهاتی نانەوتی، د. مەعرووف ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پرسە هێشتا یەکلانەبووەتەوە و ئەنجوومەنی دەوڵەت راپۆرتێکی لەسەر داوە، بەڵام لایەنەکان لەسەری رەزامەند نین.
د. نەرمین مەعرووف هیواخواز بوو کە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم پرسە یەکلایی بکەنەوە بۆ ئەوەی نەگاتە دادگای فیدراڵی، چونکە ئەمە "کاتێکی زیاتر دەبات و کێشەکە دەمێنێتەوە بۆ حکومەتێکی تر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ