رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری ئابووریی ئێران دەڵێت، وەبەرهێنانی بیانی لەو وڵاتەدا زیادیکردووە و لە 10 مانگی رابردوودا قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی گەیشتووەتە نزیکەی 9 ملیار دۆلار. ئاماژە بەوەش دەکات، پشکی پارێزگای ورمێ لە وەبەرهێنانی بیانی تەنیا سێ پڕۆژەیە و بایی 20 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەبولفەزڵ کودەئی، جێگری وەزیری ئابووریی ئێران، لە سەردانێکدا بۆ پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 10 مانگی رابردوودا "مۆڵەتی فەرمی بۆ 400 پرۆژەی وەبەرهێنانی بیانی پەسند کراوە، کە بەهای ئەو پرۆژانە 8 ملیار و 700 ملیۆن دۆلارە."
بە گوتەی جێگری وەزیری ئابووریی ئێران، قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی لەو وڵاتە زیاترە لە پێشبینییەکانی حکومەت و لەو ماوەیەدا دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلار زیاتر لە پێشبینییەکانیان، وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا کراوە.
ئەبولفەزڵ کودەئی گوتی، لە نەورۆزی 2024ـەوە تاوەکو ئێستا 600 داواکاری لە لایەن وەبەرهێنەرانی بیانییەوە بۆ وەبەرهێنان لە ئێران تۆمار کراون، "زیاترین مۆڵەتی وەبەرهێنانیش لەو ماوەیەدا بە وەبەرهێنەرانی تورکیا، رووسیا، چین، پاکستان، ئیمارات، عێراق، کوریای باشوور و ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات دراوە."
بە گوتەی کودەئی، "پشکی پارێزگای ورمێ لە وەبەرهێنانی بیانی تەنیا سێ پڕۆژەیە و قەبارەی وەبەرهێنانەکەش تەنیا 20 ملیۆن دۆلار بووە."
جێگری وەزیری ئابووریی ئێران راشیگەیاند، پارێزگای ورمێ سنووری هاوبەشی لەگەڵ چەندین وڵات هەیە، هەروەها چەندین دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتی لە پارێزگاکەدا هەن و پێویستە بەرپرسانی پارێزگاکە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ راکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی زیاتر بۆ ناوچەکە.
پارێزگای ورمێ سنووریی هاوبەشی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی نەخچیڤانی سەر بە کۆماری ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان هەیە.
هەروەها لەو پارێزگایە، شەش دەروازەی سنووریی فەرمی هەن کە سێیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت) لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجیڤانی سەر بە ئازەربایجان و دەروازەی تەمەرچین-حاجی ئۆمەران و دەروازەی سنووریی کێلێ لەگەڵ هەرێمی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ