رووداو - هەولێر
کۆمپانیای فۆردی گەورە بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبیلی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، دەست بە بەرهەمهێنانی ئامێری هەناسەدان دەکات.
کۆمپانیای فۆرد ئاماژەی بەوە کردووە، وەک کۆمپانیاکانی دیکەی ئەمریکا لە ئەمرۆژانەدا بەدەم داواکاریی حکومەتی ئەمریکاوە هاتوون کە داوای کردووە هەر کۆمپانیایەک بەپێی توانای خۆی دەست بە دروستکردنی ئامێرە تەندروستییەکان بکەن کە بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستن.
کۆمپانیای فۆرد ئەوەی خستەڕوو، پرۆژەیەکیان هەیە بە هاوبەشی لەگەڵ بەشی تەندروستی کۆمپانیای جێنراڵ ئێلێکتریک و کۆمپانیای "سری ئێم" دەست بە دروستکردنی ئامێری هەناسەدان بکەن. کۆمپانیای فۆرد ناوی ئەو پرۆژە هاوبەشەی ناوە "پرۆژەی ئاپۆلۆ".
قەیرانی تەندروستیی کۆرۆنا زیاتر لە 16 هەزار قوربانیی لێکەتووەتەوە و سیستمە ئابوورییەکانی جیهانی رووبەڕووی کێشەی کەمیی ئامێر و پێداویستیی پزشکی کردووە.
جیم هاکێت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فۆرد دەڵێت، "بەردەوام لەگەڵ ناوەند و رێکخراوەکانی حکومەتی ئەمریکا لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی بزانین پێداویستییە هەنووکەییە تەندروستییەکان چین بۆ ئەوەی کار بۆ بەرهەمهێنانیان بکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ