بیتکۆین بۆ خوار 116 هەزار دۆلار دابەزی و دراوە دیجیتاڵییەکانی دیکەش بەدوایدا دەچن

25-07-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای دوو هەفتە یەکەمجارە نرخی بیتکۆین بۆ خوار 116 هەزار دۆلار دابەزی. 
 
ئەمڕۆ هەینی، یەک بیتکۆین نرخەکەی سێ هەزار و 20 دۆلار دابەزی و بە 115 هەزار و 340 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
دابەزینەکە لە کاتێکدایە کە دامەزراوەی دارایی گالاکسی دیجیتاڵ رۆژی پێنجشەممە لە ماوەی تەنیا 20 خولەکدا 3,420 بیتکۆینی خستە نێو واڵێتێکی [جزدانی ئەلیکترۆنیی] دراوە دیجیتاڵییەکان، کە بەهاکەی نزیکەی 395 ملیۆن دۆلارە. 
 
بەگوێرەی داتاکانی ئارخام ئینتێڵ کە تایبەتە بە داتاکانی دراوە دیجیتاڵییەکان، ئەم بڕە گوێزراوەتەوە بۆ چەندین سەکۆی ئاڵوگۆڕی جیاواز.
 
ترسی وەبەرهێنەران ئەوەیە کە ئەم بڕە زۆرە بۆ مەبەستی فرۆشتن بێت و شەپۆلێکی فرۆشتنی بیتکۆین دەستپێبکات.
 
هاوکات وەبەرهێنەران چاوەڕێی کۆبوونەوەی داهاتووی بانکی ناوەندی ئەمریکا دەکەن لە رۆژانی 29 و 30ی ئەم مانگە. هەرچەندە پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندی رێژەی سوود بە جێگیری لە 4.25٪ بۆ 4.50٪ بهێڵێتەوە، بەڵام بازاڕەکان چاویان لەسەر لێدوانی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئاراستەی داهاتووی سیاسەتی نەختینەیی.
 
بۆ هاینس، راوێژکاری دراوە دیجیتاڵییەکان لە کۆشکی سپی رایگەیاندووە کە گرووپی کاری سەرۆکایەتی بۆ سەروەت و سامانی دیجیتاڵ، راپۆرتە 180 رۆژییەکەی خۆی لەبارەی سیاسەتی دراوە دیجیتاڵییەکان تەواو کردووە و لە هەمان رۆژدا (30ی تەممووز) بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە. 
 
پێشبینی دەکرێت راپۆرتەکە بڕی ئەو بیتکۆینانە ئاشکرا بکات کە دەستیان بەسەردا گیراوە و لەژێر دەستی حکومەتی ئەمریکادان. هەروەها چوارچێوەیەکی گشتگیر بۆ رێکخستنی بازاڕەکە پێشنیاز بکات.
 
کۆمپانیای ستراتیجی پلانی فرۆشتنی پشکەکانی فراوان دەکات
 
ئاژانسی بلومبێرگ رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، کۆمپانیای ستراتیجی (Strategy) کە پێشتر ناوی مایکرۆستراتیجی بوو و لەلایەن مایکڵ سایلۆرەوە بەڕێوەدەبرێت، قەبارەی پلانی فرۆشتنی پشکە دڵخوازەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کۆمپانیاکە کە گەورەترین خاوەنی بیتکۆینە لەسەر ئاستی کۆمپانیاکان، بەنیازە بڕی پشکە پێشنیازکراوەکانی لە 500 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 2.8 ملیار دۆلار بەرز بکاتەوە. داهاتی ئەم فرۆشتنەش بۆ کڕینی بیتکۆینی زیاتر بەکاردەهێنرێت.
 
نرخی دراوە دیجیتاڵییەکانی دیکە
 
هاوشێوەی بیتکۆین، نرخی زۆرینەی دراوە دیجیتاڵییەکانی دیکەش لەگەڵیدا دابەزین.
 
نرخی ئیسیریۆم، کە دووەم گەورەترین دراوی دیجیتاڵییە، 72 دۆلار دابەزی و بە سێ هەزار و 630 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. سەرەڕای ئەو دابەزینەی، بەڵام ئیسیریۆم لە یەک مانگی رابردوودا نرخەکەی 50.30٪ بەرزبووەتەوە.
 
نرخی دراوە دیجیتاڵییە سەرەکییەکانی دیکەش بەم شێوەیەیەن:
 
باینانس: 761.6 دۆلار
 
سۆلانا: 178.81 دۆلار
 
ریپڵ: 3.08 دۆلار
 
کاردانۆ: 0.79 دۆلار
 
دراوی ترەمپ :9.75 دۆلار
 
دۆجکۆین: 0.2274 دۆلار

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە