رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە چەند کاژێری داهاتوودا رایدەگەیێنین کە عێراق لە بەرهەمە نەوتییەکاندا دەگاتە ئەو ئاستەی بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی پێویستیەتی."
عەبدولساحب بزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە گوتی، هەنگاوەکە گرنگە و یەکێک لە ئەنجامەکانیشی ئەوەیە کە "لە ئەمڕۆوە هاوردەکردنی بەنزین رادەگیرێ و خۆمان بەنزینی ئۆکتان بەرز و نۆرماڵ بەرهەم دەهێنین."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، گەیشتن بەم قۆناخە وا دەکات "دەست بە هەناردەکردنی بەنزین بۆ دەرەوەش بکەین."
بە گوتەی عەبدولساحب بزوون، پاڵاوگەکانی بەسرە لەو پاڵاوگانەن کە بەرهەمهێنان تێیاندا زۆر بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە پاڵاوگەی شوعەیب لە بەسرە کرایەوە و عەبدولساحب بزوون گوتی، "ئەمڕۆ گەورەترین و گرنگترین پڕۆژەی عێراق کرایەوە. ئەم پڕۆژەیە نەوتی رەش بەکاردەهێنێت و ئەو نەوتە دەپاڵێوێ بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی ئۆکتانی بەرز و نەوتی سپی و گازی ئێڵ پی جی و بەرهەمەکانی دیکە."
عێراق لەدوای سعودیە، دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپیک و رۆژانە نزیکەی 4.4 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و لەو بڕەش نزیکەی 3.3 ملیۆنی هەناردە دەکات.
نەوتی عێراق 70%ی لە پارێزگای بەسرەیە و بەرهەمهێنانی رۆژانەی دەگاتە نزیکەی 3.25 ملیۆن بەرمیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ