لیستی مووچەی مانگی 10 رادەستی بەغدا کرا

25-11-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە.
 
مانگی تشرینی دووەم لە کۆتاییەکەی نزیک دەبێتەوە و هێشتا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئەیلوولیان وەرنەگرتووە.
 
رۆژی سێشەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا."
 
بڕیار بوو ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ هێشتا چاوەڕێی نووسراوی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول. 
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدان و لیستی مووچەیان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە.
 
بەرپرسانی باڵای عێراق بە هەڵکەوت عەزیزیان گوتووە، وەزارەتی دارایی عێراق و وەزیرەی دارایی عێراق گوتوویانە،' کێشەی سیولەی نەختینەییان هەیە و پارەیان لەبەردەست نییە'. بۆیە تاوەکو ئێستا دەستیان بە دابەشکردنی مووچە نەکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە مانگەکانی پێشوو لە 16 و 17ـی مانگەوە مووچەیان وەردەگرت. بڕیارە ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی عێراق دابەش بکرێت و دواتر مووچەی مانگی 9ـی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
 
چیایی تەیموور، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "من چەند مانگێک پێش ئێستا گوتم، ئەگەر هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتیش رادەست بکات، ئەوان مەبەستێکیان هەیە و بڕیاریان داوە کە گرفت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست بکەن."
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمان گوتیشی: "ئەوەی ئەوان دەیکەن بێویژدانییە و ئەجێندای سیاسیی لە پشتە. هەرچی بکەین، لەم قۆناخەدا گرفت بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروست دەکەن."
 
بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ سێشەممە، 25 تشرینی دووەمی 2025 کە دەست رووداو کەوتووە، چوار بڕگەی سەرەکییە و زۆربەی پەیوەندیدارە بە بڕیاری پێدانی مۆڵەت بە کردنەوەی زانکۆ لە چەند پارێزگایەکی عێراق و گۆڕانکاری لە گرێبەست و وردەکاریی چەند پڕۆژەیەک. مووچەی هەرێمی کوردستان یەکێک نییە لە تەورەکان و دیار نییە باسی لێوەدەکرێت یان نا.
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نزیکەی یەک تریلیۆن دینارە بۆ مووچەی فەرمانبەران. لە مانگی ئەیلوولی رابردووەوە دەستی بە رادەستکردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ کردووە، کە بەگوتەی حکومەتی فیدراڵ رۆڵی لە زیادکردنی داهاتی گشتی دەبێت. هەروەها لە هەفتەی رابردوو 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە