رووداو دیجیتاڵ
هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەی کێلێ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین راگیرا.
عەباس عەزیز باپیر، بەڕێوەبەری دەروازەی کێلێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دیوی ئێرانەوە داوای 10 هەزار دیناری عێراقی لە شۆفێرەکان دەکرا، ئەوانیش رەتیان دەکردەوە و هاتووچۆیان راگرت."
دەروازەی سنووریی کێلێ لە هەرێمی کوردستان سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە لە پارێزگای سلێمانی، لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش سەر بە شاری سەردەشتە لە پارێزگای ورمێ.
بەڕێوەبەری دەروازەی کێلێ گوتی، "لایەنی ئێرانی 10 هەزارەکەی کردە 5 هەزار و ئێستاش دەڵێن، وەرگرتنی پارە دوادەخەین بۆ کاتێکی دیکە. لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە."
بەگوێرەی ئاماری گومرگی راپەڕین بۆ رووداو، ساڵانە نزیکەی 36 هەزار بارهەڵگر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە لە دەروازەی کێلێوە کاڵا دەهێننە نێو هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی نێودەوڵەتیی فەرمی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەیە؛ پەروێزخان و باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر.
دەروازەکانی کێلێ و سەیرانبەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی و پشتە و تەوێڵە لە سنووری هەڵەبجە هەن کە نێودەوڵەتی نین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ