رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاتر لە 87 ملیار دینار بووە. سەرپەرشتیاری ماڵپەڕەکە دەڵێت، ژمارەکە هەمووی پارەی نەختینە نەبووە و 80 ملیار پاکتاوکردن بووە نەوەکو پارە.
شوان جەبار، سەرپەرشتیاری ماڵپەڕی شەفافیەت، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو 80 ملیارەی دوێنێ باجی کۆمپانیایەکی گەورەی سنووری سلێمانییە بۆ کارەبا، پارە بە سنووری سلێمانی نەدراوە و (مقاسە) پاکتاوی بۆ کراوە".
بە گوتەی شوان جەبار، "کۆمپانیاکەش پارەی لای حکومەت بووە، بۆیە لە هەولێرەوە پاکتاوی بۆ پارەکەی کردووە و لەجیاتی پارەدان خستوویەتییە بەرامبەر قەرزەکانی لای حکومەت و تەنیا پسوولەیەکی بۆ سلێمانی گەڕاندووەتەوە کە پارەی لەسەر نەماوە، نەوەکو پارەی دابێتە داهاتی سلێمانی".
سەرپەرشتیاری شەفافیەت ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو 80 ملیارە لە ئەنجامدا داهاتێکە بۆ خەزێنەی گشتی بۆیە لە ماڵپەڕەکەدا تۆمارمان کردووە، بەڵام داهاتەکە لای حکومەتە و ئەوان خستوویانەتە بەر ئەو قەرزانەی کۆمپانیاکە لایان بووە".
سەرپەرشتیاری شەفافیەت گوتی، "لە پاکتاوکردنەکەدا دەبێت دادپەروەری جێبەجێ بکریت لەو پاکتاوانەی کە بۆ کۆمپانیا گەورەکان دەکرێت، ئەو کۆمپانیایەی کە پاکتاوەکەی بۆ کراوە لەلایەکی دیکەوە وەبەرهێنانی کارەبا دەکات لە هەرێمی کوردستاندا، لە ئەنجامدا حکومەت قەرزاری ئەو کۆمپانیا بووە، دەبوو ئەو پارەیەی لەسەری بووە بەشێکی بۆ نۆژەنکردنەوەی کارەبای سنووری سلێمانی تەرخان بکرایە نەوەکو هەمووی بدرێتەوە قەرز، چونکە زیانە ژینگەییەکانی بۆ ناوچەکەیە".
دوێنێ ماڵپەڕی شەفافیەت داهاتی هەفتەیەکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بەراورد بە هەفتەی پێشتر، زیاتر 411% زیادیکردووە و داهاتی مانگانەش زیاتر 90% بەرز ببووەوە.
بەگوێرەی هەواڵەکەی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 19ـی تەممووز بۆ 25ـی تەممووز، 87 ملیار و 229 ملیۆن و 625 هەزار و 390 دینار بووە. هەفتەیەک پێشتر داهاتی هەمان سنوور، 17 ملیار و 52 ملیۆن و 233 هەزار و 425 دینار بووە، بەوەش زیاتر لە 70 ملیار دینار زیادی کردووە.
بەڵام شوان جەبار دەڵێت: "داهاتی راستەقینەی ئەو هەفتەیە بۆ سنووری سلێمانی تەنیا 7 ملیار و 299 ملیۆن و 625 هەزار و 390 دینار بووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی مانگی رابردووی ئەو ناوچانە لە 25-06-2025 بۆ 25-07-2025، بریتییە لە 118 ملیار و 926 ملیۆن و 19 هەزار و 609 دینار، لەکاتێکدا مانگێک پێشتری هەمان سنوور، 62 ملیار و 14 ملیۆن و 735 هەزار و 857 دینار بووە، بەوەش زیاتر لە 56 ملیار دینار زیادیکردووە.
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی 6 گەنجینە لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەوە کۆدەکرێنەوە.
داهاتی پار لەو سنوورانە زیاتر لە 900 ملیار دینار بووە و ئەم ساڵیش تاوەکو ئەمڕۆ زیاترە لە 530 ملیار دینار.
رۆژی 15-12-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردنەوەی ماڵپەڕی شەفافیەتی راگەیاند.
بە درووشمی "بەسیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"، نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی ماڵپەڕەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ