کۆمپانیای HKN لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا: جێبەجێکردنی بۆ خۆشگوزەرانییان گرنگە

26-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای HKN ئێنێرجی، رۆژی هەینی پێشوازیی لە رێککەوتنی نێوان بەغدا، هەولێر و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کرد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی خاو لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیاوە و بە "هەنگاوێکی گرنگ" بۆ عێراق، هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەرە بیانییەکان ناویبرد.

بەڵام کۆمپانیاکە دەڵێت، رێککەوتنەکە "هەنگاوێکی کاتییە."

کۆمپانیاکە کە بنکەکەی لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکایە، لە راگەیێندراوێکدا دەستخۆشیی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بۆ "سەرکردایەتیی یەکلاییکەرەوەی،" ستایشی "هاوبەشیی بەهێز و سووربوونی" مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیشی کرد لە دانوستاندنە چەند مانگییەکەدا کە بووە هۆی گەیشتن بەو رێککەوتنە.

ماتیۆ زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN رایگەیاند، "کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا هەنگاوێکی گرنگە بۆ عێراق، هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان،" هەروەها ئاماژەی بە "پشتگیریی گرنگی حکومەتی ئەمریکا" کرد.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو لایەنەکان رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر دامەزراندنی کۆمپانیایەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتیی دانپێدانراو بۆ وردبینیکردن بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت.

ئەو کۆمپانیایە یەکلایی دەکاتەوە کە کۆمپانیاکان لە بەرامبەر دەرهێنان و فرۆشتنی هەر بەرمیلێک، چەند دۆلاریان پێ دەدرێت.

لەم قۆناخەدا، کۆمپانیاکان بۆ هەر بەرمیلێکی هەناردەکراو 16 دۆلار وەردەگرن، وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە.

دوای تەواوبوونی راپۆرتی کۆمپانیا سەربەخۆکە، گۆڕانکاریی کۆتایی لە نرخەکەدا دەکرێت، کە بە گوتەی HKN، پێویستە "رەنگدانەوەی بەهای بازاڕی هەناردە بێت."

کۆمپانیای HKN رێککەوتنەکەی وەک رێکارێکی کاتی، بەڵام "گرنگ،" ناودەبات و جەخت لەوە دەکاتەوە، "جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنەکە، کلیلی مسۆگەرکردنی سەقامگیریی درێژخایەنی هەناردەکردن و خۆشگوزەرانیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە