نرخی زێڕ 40 دۆلار دابەزی؛ نزمترین ئاستی زێڕە لەم مانگەدا

27-06-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ بۆ یەکەمجار دوای نزیکەی مانگێک، بۆ خوار 3 هەزار و 300 دۆلار دابەزی.
 
ئەمڕۆ هەینی، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 41 دۆلار دابەزی و بە 3 هەزار و 287 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەمە نزمترین ئاستی نرخی زێڕە لە رۆژی 30ی مانگی رابردووەوە.
 
تاوەکو ئێستا لەم هەفتەیە نرخی زێڕ 2٪ دابەزیوە؛ سەرەتای کرانەوەی بازاڕ لە دووشەممەی ئەم هەفتەیە، ئۆنسەیەک زێڕ بە سێ هەزار و 380 دۆلار بوو.
 
هاوکات لەم نرخەی ئێستاشدا، نزیکە لەوەی دووەم دابەزینی هەفتانەی لەسەریەک تۆماربکات. 
 
ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی خواست لەسەر زێڕ هەبووە.
 
بازرگانانی زێڕ چاویان لە ئاماری خەرجییەکانی تاکەکەسە لە ئەمریکا بۆ مانگی رابردوو کە ئەمڕۆ کاژێر 15:30 بە کاتی هەولێر بڵاودەبێتەوە. 
 
هەر بەرزبوونەوەیەکی خەرجییەکان دەتوانێت نرخی زێڕ زیاتر دابەزێنێت. بەپێچەوانەشەوە دەتوانێت ببێتە پاڵپشتی بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
 
چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، پەلە ناکەن لە کەمکردنەوەی رێژەی سوود. هۆشداریشی دابوو لەوەی هەڵاوسان بەهۆی پێناسە گومرگییەکان بەرزدەبێتەوە.
 
لە حاڵەتی ئاساییدا 
 
بەرزبوونەوەی هەڵاوسان دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی ئەمریکا رێژەی سوود بۆ ماوەیەکی زیاتر لە ئاستی ئێستایدا (4.25٪ بۆ 4.50٪) بهێڵێتەوە و درەنگتر کەمی بکاتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ. سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی تووندی لە پاوڵ گرت و رایگەیاند،"سێ چوار" کەسی لە خەیاڵە بۆ شوێنگرتنەوەی جیرۆم پاوڵ وەکو سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا.
 
ترەمپ دەشڵێت، دەکرێت لە ئەیلوولی ئەم ساڵدا جێگرەوەی پاوڵ دەستنیشان بکات.
 
ئێستا بازرگانان پێیانوایە بە رێژەی 63٪ ئەگەر هەیە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ئەیلوولی ئەم ساڵدا رێژەی سوود کەمدەکاتەوە.
 
هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی زێڕ، نزیکبوونەوەی ئەمریکا و چینە. ئەو دوو وڵاتە لەسەر هەناردەی کانزا دەگمەنەکان لە چینەوە بۆ ئەمریکا رێککەوتوون؛ بەرپرسێکی کۆشکی سپیش دەڵێت، ئەمە هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی بازرگانیی نێوانیان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4340 دۆلارە

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ دووەم هەفتەی لەسەر یەک بەرزبووەوە و نزیکبووەتەوە لەو ئاستە پێوانەییەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو تۆماری کردبوو.