رووداو دیجیتاڵ
بەهای تمەنی ئێرانی رووەو دابەزینە و لە ماوەی یەک هەفتەدا نزیکەی یەک ملیۆن دابەزیوە. ئاڵوگۆڕکارێکی دراویش دەڵێت، "بەباتەکە پەیوەندیی بە دۆخی نێوخۆی ئێرانەوە هەیە."
ئەمڕۆ 27ی ئابی 2025 حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕکارانی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت، "بەهای تمەن دابەزیوە و 100 دۆلار بە 9 ملیۆن و 900 هەزار تمەنە. هاوکات بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار وەک رۆژانی پێشوو جێگیرە و بە 142 هەزار دینارە. 100 یۆرۆش بە 114 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت."
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕکارانی دراو لە هەولێر، یەک ملیۆن لیرەی سووری بە 129 هەزار دینارە؛ چوار هەزار و 110 لیرەی تورکیش بە 100 دۆلارە.
لە بازاڕەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوێنێ سێشەممەوە، نرخی یەک دۆلار نزیکەی 2500 تمەن بەرزبووەتەوە و ئێستا یەک دۆلاری ئەمریکی بە 98 هەزار و 900 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەو پێیەش نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن لە ماوەی یەک هەفتەدا زیاتر لە 5% بەرزبووەتەوە.
هەر ئەمڕۆ رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە سلێمانی بە رووداوی گوت، "بەهای تمەن دابەزیوە و 100 دۆلار بەرامبەر بە 9 ملیۆن و 980 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت؛ 100 دۆلاری ئەمریکی بە 142 هەزار دیناری عێراقییە؛ هاوکات 100 یۆرۆ بە 114 و 25 سەنتە."
ئەو ئاڵوگۆڕکارە ئاماژەی بەوەش دا، "100 دۆلار بەرامبەر بە چوار هەزار لیرەی تورکییە؛ یەک ملیۆن لیرەی سووریش بە 128 هەزار دیناری عێراقییە."
دەشڵێت، "دابەزینی نرخی تمەن، پەیوەندی بە دۆخی نێوخۆی ئێرانەوە هەیە."
نەبوونی هیچ هەواڵێکی ئەرێنی لەسەر ئەگەری بەڕێوەچوونی دانوستاندنی نێوان ئیران و ئەمریکا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە، نیگەرانیی دروست کردووە و هۆکارێکی سەرەکیی دابەزینی نرخی تمەنە.
هاوکات بازرگانانی دراو لە ئێران نیگەرانن لەوەی ئێران و ئەورووپا نەگەنە رێککەوتن لەسەر بابەتی ئەتۆمی؛ هاوکات سزا قورسەکانی ئەورووپا لەسەر ئیران دووبارە بسەپێنرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ