کۆمپانیای BPی بەریتانی: بۆ نۆژەنکردنەوەی بیرە نەوتەکانی کەرکووک لەگەڵ بەغدا رێکدەکەوین

28-01-2025
رووداو @Rudawkurdish
زەید یاسری، بەڕێوەبەری لقی عێراقی کۆمپانیای BPی بەریتانی
زەید یاسری، بەڕێوەبەری لقی عێراقی کۆمپانیای BPی بەریتانی
نیشانەکردن کۆنفرانسی وزەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری لقی عێراقی کۆمپانیای BPی بەریتانی رایگەیاند، بەردەوامن لە دانوستاندن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە رێککەوتن لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک.
 
ئەو رێککەوتنەی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە باسی دەکات، هەریەکە لە بابا گوڕگوڕ، هاڤانا، بای حەسەن و خەباز دەگرێتەوە، "ئامانج لەم رێککەوتنە نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی ئەم چوار کێڵگەیە."
 
زەید یاسری، بەڕێوەبەری لقی عێراقی کۆمپانیای BPی بەریتانی گوتی، "کارکردن لەسەر تێکەڵکردنی چالاکییە نەوتی و گازییەکان، یارمەتیی حکومەت دەدات لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی تایبەت بە پشتگیریی کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان؛ هەروەها فاکتەرێکی باشە بۆ چالاککردنی ئابووریی ناوخۆ لە شاری کەرکووک و عێراق بەگشتی."
 
یاسری، پابەندیی کۆمپانیاکەی بە کارکردن لەگەڵ ستافی کۆمپانیای نەوتی باکوور دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، دەبێتە هۆی "دابینکردنی پشتگیری تایبەت بە پرۆسەی پەرەپێدانی لێهاتوویی، کارکردنی هاوبەش، بە یارمەتی خوا سەرکەوتن بەیەکەوە و هەروەها چالاککردنی ئابووری ناوخۆ لە رێگەی کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا خۆجێییەکان و دابینکردنی هەلی کار."
 
بەڕێوەبەری لقی عێراقی کۆمپانیای BPی بەریتانی پێیوایە، ئەم پڕۆژەیە بەهایەکی زیادکراوی گەورەی دەبێت بۆ پارێزگای کەرکووک بە تایبەتی و پارێزگا دراوسێکان و عێراق بەگشتی. دەشڵێت، "بە یارمەتی خوا دانوستاندنەکان ئێستا بەردەوامن و بڕیارە لە هەفتەی یەکەمی مانگی دوو بگەینە رێککەوتن."
 
رۆژی چوارشەممە، 15-01-2025، حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە بەریتانیاوە بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوت، عێراق و کۆمپانیای نەوتی بی پی (بریتیش پیترۆڵیەم)، لە هەفتەی یەکەمی مانگی شوباتی ئەم ساڵ رێککەوتنێک لەسەر چوار کێڵگەی نەوتی و گازی کەرکووک واژۆ دەکەن.
 
حەییان عەبدولغەنی گوتی، "بەپێی رێککەوتنەکە، بەرهەمی نەوتی رۆژانە بۆ 150 هەزار بەرمیل زیاد دەکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە